سۆرانی  |  بادینی  |  English      

‏نێچیرڤان بارزانی: گه‌ڕى سێيه‌مى ديالۆگى ستراتيژيى عێراق ـ ئه‌مه‌ريكا هه‌نگاوێكى‌ گرنگە

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گه‌ڕى سێيه‌مى ديالۆگى ستراتيژيى عێراق ـ ئه‌مه‌ريكا هه‌نگاوێكى‌ گرنگ و به‌ره‌وپێشچوونێكى ئه‌رێنييه‌ لە هەموو بوارەکاندا.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "گه‌ڕى سێيه‌مى ديالۆگى ستراتيژيى عێراق ـ ئه‌مه‌ريكا هه‌نگاوێكى‌ گرنگ و به‌ره‌وپێشچوونێكى ئه‌رێنييه‌ بۆ‌ ئاينده‌ى ‌په‌يوه‌ندييه‌كان و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا".

دەشڵێت، "ده‌ستخۆشى و پشتيوانى لێده‌كه‌ين، هيوادارین له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ سه‌رکه‌وتن و ئه‌نجامی باشی هه‌بێت".

رۆژی رابردوو خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا دەستیپێکرد و دواتر هەردوولا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا رایانگەیاند،  تێگەیشتنیان هەیە بۆ ئەو دۆخە خراپەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستیکردووە و بووەتە هۆی خاوکردنەوەی چالاکی ئابوری لە جیهاندا، بۆیە جەختدەکەنەوە لە هاوبەشییەکی ئابوری بەهێز.

ئاماژەیان بەوەشکرد، سوورن لەسەر ئەنجامدان و هاریکاری کاری هاوبەش لە نێوانیاندا و عێراقیش پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لەپیناو جۆرایەتیکردنی سەرچاوەکانی ئابوری وڵاتەکەی و باشترکردنی کەشی کارکردن و پشتیوانیکردن لە دروستکردنی کەرتی تایبەت بەهێزتر و چالاکتر لە جاران.

هەر بەپێی بەیاننامەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ هەوڵەکانی عێراق کە دەیدات  لە باشترکردنی کەرتی وزە، بە تایبەت بۆ دابینکردنی وزەی کارەبای هەرزان و کەمتر بۆ هاوڵاتیان، لەو ڕوەوەشەوە هەردوولا جەختیانکردەوە لە پشتیوانیکردنی پەیوەندییەکانی عیراق بە دەوڵەتانی هاوسێوە بە تایبەت ئوردن و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵیاندا.