سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ناوەرۆکی خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئەمریکا

  2021-04-08  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە دوای تەواوبوونی خولی سێهەمی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و عێراق، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بگۆڕێت بۆ ڕاهێنان، ئەوەش رێگە دەدات بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

دوێنێ لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە لە نێوان ئەمریکا و عێراق و ئیمزا کراوە، فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەڤیدیۆ چات سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی دۆسیەکانی ئاسایش و تیرۆر و ئابوری و وزە و ژینگە و بابەتە سیاسییەکان و پەیوەندییە کلتورییەکان، لە گفتوگۆکاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون.

بە گوێرەی بەیاننامەی کۆتایی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی و سەلامەتی خاکی عێراق و بڕیارە پەیوەندارەکان، کە لە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە دەردەچن.

هەریەکە لە عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێگەیشتنیان هەیە بۆ ئەو دۆخە خراپەی کە فایرۆسی کۆرۆنا دروستیکردووە و بووەتە هۆی خاوکردنەوەی چالاکی ئابوری لە جیهاندا، بەو هۆیەشەوە هەردوولا جەختیانکردەوە لە هاوبەشیەکی ئابوری بەهێز

هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ستایشی ئەو هەنگاوانەی کردووە، کە بەم دواییانە حکومەتی عێراق گرتوویەتیە بەر، لەو پێناو بەهێزکردنی ئابوری نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی بیانی.

هەردوو سوورن لەسەر ئەنجامدان و هاریکاری کاری هاوبەش لە نێوانیاندا و عێراقیش پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لەپیناو جۆرایەتیکردنی سەرچاوەکانی ئابوری وڵاتەکەی و باشترکردنی کەشی کارکردن و پشتیوانیکردن لە دروستکردنی کەرتی تایبەت بەهێزتر و چالاکتر لە جاران.

لەو ڕووەوە شاندی ئەمریکا جەختیانکردەوە لە پشتیوانی و کۆمەکی کۆمپانیا ئەمرییکییەکان بۆ هاوکارکردنی عێراق لە دروستکردنی سەرچاوەی دارایی جیاواز بۆ ئابوری عێراق، ئەویش لەڕێگەی وەبەرهێنان لە پرۆژەکاندا کە هەلی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرجەستە بکات و گەشە بدات بە سەرچاوەکانی وزە لە وڵاتدا.

هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ هەوڵەکانی عێراق کە دەدات  لە باشترکردنی کەرتی وزە، بە تایبەت بۆ دابینکردنی وزەی کارەبای هەرزان و کەمتر بۆ هاوڵاتیان، لەو ڕوەوەشەوە هەردوولا جەختیانکردەوە لە پشتیوانیکردنی پەیوەندییەکانی عیراق بە دەوڵەتانی هاوسێوە بە تایبەت ئوردن و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵیاندا.

هەریەکە لە عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییەتباشی خۆیان دەربری بۆ چارەسەرکردنی دۆخی لەناوکاوی گەشوهەوا و کارکردن لەسەر بەهێزکردنی کەرتی وزەی پاک و ڕووبەڕووبوونەویە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ئەویش بە هاوکاریکردنی کەرتی تایبەتی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک لە عێراقدا.

جارێکی تر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، کە ڕیز دەگرێت لە سەروەریی و سەلامەتی خاکی عێراق و ئازادی ڕادەربڕین، کە دەستوری عێراق دەستەبەری کردووە، شاندنی باڵای هەردوو وڵات گفتوگۆیان کرد لەسەر هاوکاریکردنی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق، بۆ چۆنێتی پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و چالاکانی مەدەنی و دەستبەرکردنی لێکۆڵینەوەی یاسایی، هاوکات عێراق ستایشی پشتیوانی و کۆمەکی ئەمریکای کرد بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، ئەویش لە ڕێگەی کۆمەککردنی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.

هەردوولا جەختیانکردەوە لە درێژکردنەوەی ماوەی ڤیزا بۆ دوو ساڵ لە نێوان هەردوولا بۆ دیپلۆماتکار و شاندەکانی حکومەت کە سەردانی یەکتر دەکەن، هەروەها کارئاسانی لە کاتی گەشتەکان و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان حکومەتی هەردوو وڵات.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی هەردوولاش لەسەر ئاسایش و بەرپەرچدانەوەی تیرۆر، هەردوو وڵات جەختیانکردەوە لە خواستی هاوبەشی هەردوولا بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش، لەو رووەشەوە واشنتۆن و بەغدا جەختیانکردەوە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا لەسەر خواستی حکومەتی عێراقە، بە مەبەستی کۆمەککردنی هێزە ئەمنییەکانی عیراق لە جەنگی دژی داعش و بەهێزکردنی توانای هێزە سەربازییەکانی عێراق و بەردەوامی پەیوەندیی هەردوو لەسەرجەم بوارە هاوبەشەکان لەو بوارەدا.

لە بواری خوێندنی باڵا و هاوکاری زانستی و کلتوریش، هەردوولا باشیان لە هاوکارییەکانی ئەمریکا کرد بۆ بەهێزکردنی کەرتی خوێندنی باڵا بە هاوکاری زانکۆکانی ئەمریکا و پشتیوانیکردن لە پرۆگرامی فولبرایت و دەستپێشخەری هاوبەش لە بواری خوێندنی باڵا و پشتیوانی حکومەتی ئەمریکا لە دەستپێشخەرییەکانی زانکۆکانی عێراق لە ناوچە ئازادکراوەکان.

لەکۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەدا هەردوو ولات جەختیانکردەوە لە بایەخی پەیوەندی ستراتیژی لە نێوانیاندا و سوربوون لەسەر هەنگاوی باشتر گونجاو بۆ بەهێزکردنی، بەشێوەیەک خزمەت بە  بەرژەوەندنییەکانی هەردوو وڵات بکات، بەشێوەیەک ئاسایش و ئارامی دەستبەر بکات لە ناوچەکەدا.