چالاکوانێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەسەرە

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چالاکوانێکی سیاسی و زیندانییەکی پێشووی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن تورکیاوە دەستبەسەر کراوە و لەئێستادا مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەسەرە.

بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەفشین سۆهرابزادە، چالاکی سیاسیی کورد، لە رۆژی دووشەممەوە ٥ی٤ی٢٠٢١، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری کایسەر دەستبەسەرکراوە و دواتر بۆ کەمپی GGM ی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

فریشتە تاجمیری، هاوژینی ئەفشین لەو بارەیەوە بە هەنگاوی راگەیاندووە، "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەفشینی هاوسەرەم پێیوتم کە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا فۆڕمێکی دیپۆرتکردنەوەیان بۆهێناوم بۆ ئەوەی ئیمزای بکەم بەڵام من رەتمکردووەتەوە ئەو کارە بکەم".

هەنگاو ئەوەشی خستووەتەڕوو، تۆمارێکی دەنگی ئەفشین سۆهرابزادەیان دەستکەتووە کە دەڵێت، "لە گەڵ چەند پەنابەری دیکە کە خەڵکی ئەفغانستانن هەموومان لە شوێنێکدا راگیراوین و پێیانوتووین هەموومان دیپۆرت دەکەنەوە".

ئەفشین سۆهرابزاده تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی کرماشان ڕۆژی دووشەممە ٨ی١ی٢٠٠٩، لەکاتی خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران، دەستبەسەرکرا و دوای نۆ مانگ زیندانی لە دادگایەکی چەند خولەکیدا لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی "دژایەتیکردنی حکومەتی ئێران لەڕێگەی ئەندامێتی لە حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان"، سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێندرا بەڵام دوای پێداچوونەوە، سزاکەی بۆ ٢٥ ساڵ زیندانی کەم کرایەوە.

ئەو چالاکوانە کوردە ساڵی ٢٠١٦ کاتێک بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی هاتبووە دەرەوەی زیندان، رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشت و ڕووی لە وڵاتی تورکیا کرد، بۆیە لە ئەگەری دێپۆرتکرانەوەی بۆ ئێران گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.



ڕیکلام