لاهور شیخ جەنگی دەستخۆشی لە هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی دەکات

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، دەستخۆش لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی دەکات، کە لەسەر مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی هاتووەتە دەنگ.

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوڵاتیانی هەریمی کوردستان بێ جیاوازی  و بە هەموو چین و توێژەکانەوە، خاوەنی راستەقینەی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و ئەم خاکە پیرۆزەن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ناکرێت لێبگەڕێین بە مەرامی سیاسی بێبەش بکرێن لە مافە ڕەواکانیان.
ئەو وتانەی هاوسەرۆکی یەکێتی لەکاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر لێدوانەکانی وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار هاتە دەنگ و بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاگەیاند، هیچ کەس و هێزێک ناتوانێت لەبەردەم داوا ڕەوانتاندا بوەستێتەوە.

قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک ڕایگەیاندووە " لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.

ئەوەش دوای ئەوە دێت  سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دابەشکردنی زەوی و زاری حکومەت بەبێ ڕەزامەندی ئەوان یاساشکێنیە و لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت .



ڕیکلام