عێراق: ئەگەر ئەمریکا چەکمان پێ نەفرۆشێت ڕوو دەکەینە سەرچاوەی دیکە

  2021-04-13  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا ئامادە نەبێت چەک بە بەغدا بفرۆشێت، حکومەتی عێراق روو دەکاتە سەرچاوەی دیکە بۆ کڕین و دابینکردنی چەکی پێویست بۆ خۆی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕایگەیاند، پەرلەمان چاودێری ئەنجامی خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق دەکات، ئەگەر بۆی دەرکەوت ئەمریکا ئامادە نییە چەکی پێویست بە بەغدا بفرۆشێت، ئەوا عێراق ڕوو دەکاتە سەرچاوەی دیکە بۆ پەیداکردنی چەک.

بەدر زەیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و گفتوگۆی ستراتیژی لە تایبەتمەندی کاری حکومەتە، ئەرکی پەرلەمانیش چاودێریکردنی ئەنجامی خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدایە، تا بزانێت دەرئەنجامەکانی چی دەبێت.

بەدر زەیادی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر گفتوگۆکان پارێزگاری نەکەن لە سەروەریی عێراق، لە لایەن پەرلەمانەوە رەتدەکرێتەوە.

دووپاتیشیکردەوە، عێراق ڕوو دەکاتە سەرچاوە و دەوڵەتانی دیکە بۆ کڕینی چەک، ئەگەر هاتوو لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە چەک بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دابین نەکرێت.

ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە  لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە لە نێوان ئەمریکا و عێراق و ئیمزا کراوە، فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەڤیدیۆ چات سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەیان کرد .

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دۆسیەکانی ئاسایش و تیرۆر و ئابوری و وزە و ژینگە و بابەتە سیاسییەکان و پەیوەندییە کلتورییەکان، لە گفتوگۆکاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون.



ڕیکلام