سۆرانی  |  بادینی  |  English      

وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ جۆرە ڤاکسینێک بۆ هێزی پێشمەرگە دابین نەکراوە

  2021-04-18  | 
دۆسیە:  پێشمەرگە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی لە وەزارەتی پێشمەرگە رەتیکردەوە هیچ جۆرە ڤاکسینێک بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کرابێت

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند کەناڵێکی میدیاییەوە هەواڵی دابین کردنی ڤاکسینی کۆڕۆنا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوبۆوە، د - رزگار علی بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو بارەیەوە رایگەیاند "بڵاوبوونەوەی هەواڵی دابینکردنی ڤاکسین لە لایەن ئەمریکاوە لە چەندین ماڵپەرو کەناڵی میدیایی، بۆ لیوا تایبەتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەواڵێکی ناڕاستە" .

بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، سەرچاوەی فەرمی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوانن و لەوبارەیەوە هیچ هەواڵێکیان پێنەگەیشتووە، هەر چەندە ئێمە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی، داوامان لە هاوپەیمانان کردووە، بۆئەوەی ڤاکسین دابین بکەن بۆ هێزەکانمان، بەڵام تا ئێستا ئەم داوایە وەڵام نەدراوەتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەرکاتێک وەڵامێکی ئەرێنیان وەرگرت و ڤاکسینیان بەدەست گەیشت، ئەو کات بۆ کەناڵەکانی میدیا وخوشک و برا پێشمەرگەکان ڕایدەگەیەنن، جگە لەمە ئەوەی لەماڵپەڕو کەناڵەکانی میدیا بڵاوکراوەتەوە، دورە لەراستیەوە .

ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، چەند میدیا و ماڵپەڕێک بڵاویانکردەوە، گوایە ئەمریکا ڤاکسینی دژی کۆرۆنای بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابینکردووە.