سۆرانی  |  بادینی  |  English      

حکومەتی هەرێم لەبارەی بودجەوە نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات

  2021-04-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پابەندە داراییەکانی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق جێبەجێ دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، رۆژی ١٣ی٤ی٢٠٢١، وەزارەتی دارایی  و ئابوری هەرێم نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کردووە و تیایدا رەزامەندی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پابەندە داراییەکانی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ ئەم مەبەستە دەربڕیوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە ١٨ی٤ی٢٠٢١، یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای سێ مانگ گفتۆگۆ و دانوستان، شەوی 31ی ٣ی٢٠٢١، پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندکرا و دواتر و ٨ی ئەم مانگە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق راستاندنی بۆ یاساکە کرد.

لە کاتی ڕاستاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ئەم ڕاستاندنە بۆ دڵنیاییدانە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆڵەکانی گەل و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و بودجە پێویستەکانی بەکاربردنی حکومەت، بەشێوەیەک کە دادپەوەریی کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەموو پێکهاتەکان و توێژەکانی بەدی بهێنێت.