وەزیرى ناوخۆ زانیاری نوێ لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاشکرادەکات

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەنجامدەرانى هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى هەولێر لەدەرەوەى سنورى هەرێمەوە و لەپشت هێڵەکانى سوپاى عێراقەوە هاتوون.

رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشى سەر فڕۆکەخانەى هەولێر کە لەرێگەى درۆنەوە و بۆ بە ئامانج گرتنى هێزەکانى هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانە، ئەنجامدراوە، وتیشی: قسە لەگەڵ هاوپەیمانان کراوە کارێک بکرێت هەرێم نەبێتە قوربانى ئەو ململانێیەى لە عێراقدا هەیە.  

ئاشکراشیکرد، هێرشبەرەکان لەدەرەوەى سنورى هەرێمەوە و لەپشت هێڵەکانى سوپاى عێراقەوە هاتوون و تاوەکو ئێستاش کەس دەستگیرنەکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆشایی نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەلێکى لەبارى بۆ گروپە چەکدارەکان دروستکردووە، بۆیە لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەى گروپەکان نەتوانن سود لەو بۆشاییە وەربگرن.  

وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەبارەى هێرشەکە بەردەوامە و هەرکاتێک گەیشتە ئەنجام، رایدەگەیەنن. 

کاتژمێر 9:45 خولەکی شەوی چوارشەممە ١٤ی٤ی٢٠٢١ هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و پاش چەند خولەکێک لەو هێرشە، چوار موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک کران .

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە هێرشەکە بەڕێگەی درۆنی TNTکراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە ".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە .

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.



ڕیکلام