یەکیک لە سزادراوەکانى بادینان خۆى بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق دەپاڵێوێت

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ڕایدەگەیەنێت، مامۆستا شڤان سعید، یەکیک لە سزادراوەکانى بادینان، لە ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى سزاکەى خۆى بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق دەپاڵێوێت.

سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئاشکرایدەکات، کە لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە لەهەرێمی کوردستان، ماوەى 15 خولەک لەگەڵ مامۆستا شڤان سعید، یەکیک لە سزادراوەکانى بادینان قسەى کردووە.

بەپێى وتەى، ئارام قادر، ئەو سزادراوەى بادینان وتویەتى لە ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى سزاکەى لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، خۆى دەپاڵێوێت لەیەکێک لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق.

ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە بابەتێکدا کە لە پەیجى فەرمى هاوپەیمانیی نیشتمانی بڵاویکردوەتەوە، دەشڵێت: خوازیارین کە دادگای پێداچوونەوە بڕیاربدات بە هەلوەشاندنەوەی ئەو تۆمەتەی ئاراستەی مامۆستا شڤان کراوە و حوکمەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

دوێنێ (٢٠٢١/٤/١٩) مامۆستا ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، بۆ ماوەی (١٥) خولەک  لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەهەرێمی کوردستان، گفتوگۆ کرد لەگەل هاودید (مامۆستا شڤان سعید) ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردن و بەرپرسی دەڤەری دهۆک کرد لەزیندان.

بەپێى زانیارى سەرچاوەکە کە لە زارى سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتمانیەوە بڵاویکردوەتەوە،  مامۆستا لەزیندان زۆر ورەبەرزانە و بە دەروونێکی ئارام، بە خۆشحاڵیەوە سوربوو لەسەر خۆی پاڵاوتنی لەیەکێک لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق، ئەگەر لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان حوکمەکەی هەڵبوەشێنێتەوە. 



ڕیکلام