ئۆزبەگستان 100 ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی لە سوریا وەرگرتەوە

  2021-04-30  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی ١٠٠ ژن و منداڵی ئۆزبەگی لە خێزانی چەکدارانی داعش، ڕادەستی شاندێکی فەرمی حکومەتی ئۆزبەگستان کردووەتەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدرای  خۆسەر ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئۆزبەگستان ڕایگەیاند، ٢٤ ژن و ٦٨ منداڵ ڕادەستی ئۆزبەگستان کراونەتەوە.

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایکرد، لەناو منداڵەکاندا تەنها ٧ کەسیان بێ باوک بوون.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە یەکەمجار نییە هاوڵاتی ئۆزبەگی لە کامپەکانی باکوری ڕۆژهەلاتی سوریا، ڕادەستی حکومەتی ئۆزبەگستان دەکرێنەوە، بە تایبەت تا ئێستا ٢٤٠ ژن و منداڵ ڕادەستی ئەو وڵاتە کراونەتەوە.

ئۆزبەگستان یەکێک لەو دەوڵەتە کەمانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییەکانی خۆی، کە هاوسەرەکانیان لەناو ڕیزەکانی چەکداراین داعش بوون، بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

لە دوای کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ڕێکخرا وی داعش و خەلافەتەکەی لە سوریا لە ئازاری ساڵی ٢٠١٩، دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستان داوا لەو وڵاتانە دەکات، کە هاوڵاتییەکانی لەناو کامپەکاندا بگەڕێننەوە بۆ خۆیان، یان لە دادگاییەکی نێودەوڵەتیدا ئەندامانی داعش دادگایی بکەن.

مانگی ڕابردووش حکومەتی ڕوسیا ٣٤ منداڵی بێ باوکی گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی، تا ئیستا ڕوسیا ١٦٩ منداڵ و مێردمنداڵی چەکدارانی داعشی گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.

بە سەدان بە هاوسەر و منداڵی چەکدارانی داعش لە بەشی تایبەتی کامپەکانی هۆل و ڕۆژی پارێزگای حەسەکە لە باکوری سوریا نیشتەجێ کراون.

کامپی هۆلل کە نزیکەی ٦٢ هەزار کەسی تیا نیشتەجێکراوە، لە ٩٣%یان ژن و منداڵی سوری و عێراقی و بیانین، لە ئێستاشدا بووەتە سەرچاوەیەکی دوودڵی لە ڕووی ئەمنی و گوزەرانەوە لە ناوچەکە.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا ئاشکرایکرد، لە کامپی هول هەوڵی بە ئاراستەبردنی توندڕەوی و راهێنان و کۆمەککردن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی لە دەرەوە هەست پێکراوە.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، هۆل دوا شوێنی خەلافەتی داعشە کە ماوەتەوە لەسەر زەوی ناوچەکە.

سەرباری کەمپەکانیش هێشتا بە سەدان چەکداری بیانی، لەوانەی پەیوەندییان کردووە بە ڕیزەکانی رێکخراوی داعشەوە، هێشتا لە زیندانەکانی ژێر دەستی ئیدارەی خۆسەرن لە ڕۆژئاوای کوردستان.



ڕیکلام