عێراق نیگەرانی دەربڕی لە هاتنی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم

  2021-05-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی ڕێکخەری کاروباری باڵیۆزخانەی تورکیای لە بەغدا بانگهێشتکردووە و یاداشتێکی نارەزایی رادەستکردووە، کە بێ پرس و هیچ هەماهەنگییەک وەزیری بەرگری تورکیا هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق نیگەرانی و نارەزایی توندی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق، بێ هیچ هەماهەنگی و ڕەزامەندی فەرمی لەلا یەن لێپرسراوانی تایبەتمەندەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدارەکانی لەگەڵ هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا نایاسایی و نامەشروعە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە یاداشتەکەیدا ئیدانەی لێدوانەکانی وەزیری ناوخۆیی تورکیا دەکات، لەوەی کە ئەنکەرە بە نیازە بنکەیەکی سەربازیی هەمیشەیی لە باکوری عێراق بنیات بنێت.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سیاسەتەی تورکیا پەیڕەوی دەکات، ناگونجێت لەگەل پەیوەندیی دۆستایەتی و هاوسێیەتی و یاسا و پەیڕەو نێودەوڵەتییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕوونیشکردووە، دەبێت تورکیا باش ئەوە بزانێت پەنا بردن بۆ چارەسەری سەربازیی یەک لایەنە، نابێتە چارەسەری کێشە و بەربەستە ئەمنییە هاوبەشەکان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک و بە رەهایی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەروەیی عێراق خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی رەتدەکاتەىوە، کە لە لایەن هێزەکانی سوپای تورکیاوە ئەنجام دەدرێت.

ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەوەی عێراق لە کاتێکدایە، دوێنی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بە هەلیکۆپتەر هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و هێز و بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە سنوری پارێزگای دهۆک بەسەر کردەوە.





ڕیکلام