تورکیا: لە نزیکەوە چاودێری پەکەکە دەکەین لە شەنگال و مەخمور

  2021-04-03  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بەڵێنیدا بە بەردەوامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ناوخۆیی عیراق،جەختیشیکردەوە بەم نزیکانە ئۆپراسیۆن و جموجوڵی سەربازی بەڕێوەدەچێت و ئامادەیی ئەنکەرەیشی نیشاندا بۆ هاریکاریکردنی بەغدا، تا ئەو کاتەی بە وتەی خۆی "دوا تیرۆریست" لەناو دەبەن.

لە وتەیەکدا لە ویلایەتی شیرناخ لەبەردەم ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی، کە سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنەکان دەکەن لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکەی ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە ڕوانگەی چەمکی هێرشبردنەوە، بۆ ئەوەی گەلی خۆیان بپارێزن و پارێزگاری لە ئاسایشی وڵاتەکەیان بکەن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری بەرگری تورکیا جەختیکردەوە، پاراستنی ئاسایشی گەلی تورکیا، لە بەرژەوەندی ئاسایش و ئارامی گەلی عێراقی دۆستدایە، بە وتەی خۆی ئەوەش دەبێتە جێگیرکردنی ئارامی ئاسایش بە پەلە لە تەواوی ناوچەکە.

خلوسی ئاکار وتی "سوپای تورکیا لە نزیکەوە چاودێری جموجوڵی ئەندامانی پەکەکە دەکات لە باکوری عێراق، بە دیاریکراویش لە ناوچەکانی شنگال و مەخمور".

ڕوونیشیکردەوە لایەنی تورکی بە لایەنی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئامادەی هەموو هەماهەنگی و هاوکارییەکی تەواون سەبارەت بە دەرکردنی "تیرۆریستان" لە ناوچەکە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی "چاوەڕونی ئەوەین کە لە نزیکترین دەرفەتدا چی پێویستە ئەنجامی بدەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان لە شنگال و مەخمور لە باکوری عیراق، متمانەشمان بە هاوسێ عێراقییەکانە، کاری پێویست ئەنجام دەدەن لەو بارەیەوە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین".

ئەو وتانەی وەزیری بەرگری تورکیا لە کاتێکدایە، تا ئیستا چەند جارێک دەنگۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر قەزای شنگا و مەخمور بڵاوکراوەتەوە لە دژی گەریلاکانی پەکەکە، کە رەتیدەکەنەوە ناوچەکە چۆڵ بکەن.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، سوپای تورکیا بە دەیان ئۆپراسیۆن و هێرشی جیاجیای بۆ ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و سوریا ئەنجامداوە.

لە مانگی شوباتی ڕابردوودا سوپای تورکیا بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ ئۆپراسیۆنێکی فراوانی پێشکەوتووترین چەک و جبەخانەی جەنگی تێدا تاقیکرایەوە هیرشی کردە سەر چیای گارە لە قوڵایی ٤٠ کلیۆمەتری خاکی هەرێمی کوردستان، دوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت گەریلا سەرکەوتن و بەرپەرچدانەوەی لە شەڕەکەدا ڕاگەیاند.

چنگی هەڵۆی-2 ناوی ئەو ئۆپراسیۆنە بوو کە بەرەبەیانی 10ی شوباتی 2021 سوپای تورکیا بۆ سەر چیای گارە دەستیپێکرد تورکیا لەڕێی 41 فڕۆکەی جەنگییەوە بە چڕی بۆردومانی پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد لە چیاکە، بەڵام وەک بەرپرسانی سەربازیی تورکیا دەڵێن بەهۆی سەختی چیاکەوە لە هەندێک شوێنی گارەدا بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان هیچ سودێکیان نەبوو، بۆیە بیریان لەوە کردەوە لەرێی زەمینییەوە بچینە ئەو ناوچانەوە بۆ ئەو مەبەستەش سەربازەکانیان لەسەر چیای گارە دابەزاند.

سەبارەت بە ئاماری شەڕەکەش وەزیری بەرگری تورکیا ئاشکرایکرد لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە زیاتر لە 50 حەشارگە و کۆگای چەک و تەقەمەنی پەکەکەیان لەناوبردووە هاوکات 48 چەکداری پەکەکەیان کوشتووە و دوو چەکداری دیکەشیان دەستگیرکردووە بە وتەی خولوسی ئاکار لەو شەڕەدا تەنیا سێ سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون پەکەکە هەرچەندە تائێستا ئاماری کۆتایی شەڕەکەی بڵاونەکردووەتەوە بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە تا سێیەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکە زیاتر لە 30 سەربازی تورکیایان کوشتووە و  دەیان سەربازیش برینداربوون هەروەها پەکەکە تائێستا ژمارەی شەهید و بریندارەکانی بە فەرمی ئاشکرا نەکردووە



ڕیکلام