ئەمریکا نەخۆشخانە سوتاوەکەی ئین خەتیب نۆژەندەکاتەوە

  2021-05-04  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند، هاوکاری پێویستی بەپەلە پێشکەش دەکەن، بە مەبەستی دووبارە کردنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لەبەغدا، کە لە ڕۆژی ٢٤ مانگی نیسانی ڕابردوودا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە سوتا.

ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لەڕێگەی ئەو کۆمەکەی کە ئاژانسی گەشەپیدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (USAID ) پێشکەشی کردووە، کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی ئەمریکا لقی بەغدا، ئەمڕۆ چەند نهۆمێکی نەخۆشخانەکەیان پاکژکردەوە.

هاوکات جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیوادارن بە زووترین کات نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب نۆژەنبکرێتەوە و دەست بە پێشکەشکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی بکات.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئاژانسە ئەمریکییەکە، سەرجەم ئامێرو کەلوپەلی پزیشکی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە دابیندەکاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی بەهۆی ئاگرەکەوە  سوتاوون.

هەورەها کەلوپەلی خۆپارێزی بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکە دابین دەکات، جگە لەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگری شارستانی لەبەغدا سیستمیکی نوێی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە نەخۆشخانەکە دادەمەزرێنن، بە تایبەت ئامێری ئاگادارکردنەوەی دوکەڵ و پرژاندنی ئاو و کەلوپەلی تایبەتی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی بۆ نەخۆشخانەکە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی ئەمریکا دیواربەندێکیش بۆ قوربانیانی نەخۆشخانەکە دروست دەکەن، وەک ڕێزێک لەو کەسانەی لە ڕوداوە کارەستابارەدا تیاچوون.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا، کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە سوتاندنی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، رەزامەندی نیشاندا لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حەسەن تیمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق و لابردن و سزادانی ئیداری بەرپرسانی تەندروستی نەخۆشخانەکەو تەندروستی بەغدا، لە پای کەمتەرخەمییان لە کاتی ڕووداوەکەدا.

لە روداوەکەدا زیاتر لە ٨٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ١١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.



ڕیکلام