تورکیا چۆن پێیەکانی لە هەرێم داکوتا

  2020-06-20  | 
دۆسیە:  جیهان
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ساڵانێکی زۆر لە بۆردومانی ئاسمانیی تۆپباران هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کاری سیخوڕیی و هەواڵگریی دواجار هێزی کۆماندۆی تورکیاش خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاند و لە ناوچەی هەفتانین لە سنوری قەزای زاخۆ جێگیربوون.


وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی کۆماندۆی وڵاتەکەی بە ئۆپراسیۆنی ئاسمانی گوازراونەتەوە بۆ ناوچەکە کە لە لایەن ھێزەکانی ئاسمانی، ھەلیکۆپتەری ھێرشبەرفڕۆکەی بێفڕۆکەوان پاڵپشتی کراون ڕاشیگەیاندووە ئۆپراسیۆنەکە کە بەناوی (چەنگی پڵنگ)ە، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر گەریلاکانی پەکەکە.

ئەم سنوربەزاندنەی نوێیەی سوپای تورکیا دوای یەک ڕۆژ دێت لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی بەناوی (چەنگی هەڵۆ) کە لەیەککاتدا چەندین شوێن لە مەخمور و شنگال و قەندیل کرانە ئامانج.

لە دوای شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان سوپای تورکیا بە بیانووی هێرشکردنە سەر پەکەکە بە چڕی هێرش دەکاتە سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2017شەوە پێشڕەوییە زەمینیەکانی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە کە لە هەریەکە لە ناوچەکانی کانی ڕەش، بەرمیزە، دەشتی بەرازگر و چیای کتکین لە هەرێمەکانی زاب و خواکوڕک بە قوڵایی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە ناوچەیەکی فراوانی لە قەزای سۆران داگیرکردووە، تەنانەت ناحیەی شێروان مەزن لە سنوری قەزای مێرگەسۆر ئێستا بەشی زۆری ڕووبەرەکەی لەژێر دەستی تورکیادایە.

بەبێ حیسابکردن بۆ ئەوەی کە ئەم کارانە پێشێلکردنی خاک و سیادەی دەوڵەتێکە بەناوی عێراق وهەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو دەوڵەتە، بەڵام لە لایەکی ترەوە بەشێک لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەم هێرش و سنوربەزاندنانەی سوپای تورکیا بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی نییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو بەشەی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەک چۆن ساڵی 2015 دوای هێرشێکی تورکیا
بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم کە تیایدا زیانێکی زۆری گیانی و مادی بە گوندنشینان کەوت، ئەحمەد دادود ئۆغلۆ سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاشکرایکرد پێش هێرشەکە پەیوەندیی بە مەسعود بارزانییەوە کردووە و 
بارزانیش پێی وتووە تورکیا مافی خۆیەتی هێرش بکات.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ ناو جەرگەی خاکی هەرێمی کوردستان چالاکییە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی تورکیا بە ئەندازەیەکی زۆر فراوان بووە بە تایبەتی لە ڕووی هەواڵگریی و سیخوڕییەوە کە ئەمەش ڕێگەی خۆشکردووە بتوانێت بە ئاسانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت کە بیەوێت
هەر بۆیە لەم ماوەی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوودا زۆرترین سەرکردەی پەکەکە بەهۆی زیادبوونی چالاکییە هەواڵگریی و سیخوڕییەکانی تورکیا لە ناو هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراونەتە ئامانج.

هێنانی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە هەر بۆیە سەرەتا ساڵی 2019 دانیشتووانی ناحیەی شیلادزێ لە خۆپیشاندانێکدا هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە ناوچە و ئاگریان تێبەردان.
لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەوڵەتی تورکیا لەشکرکێشی کردووەتە ناو هەرێمی کوردستان و دەیان بنکە و بارەگای سەربازیی و هەواڵگری کردووەتەوە ژمارەی ئەو بنکە و سەربازگانەی تورکیا کە بەئاشکرا و نهێنی
لە هەرێمی کوردستان کردوویەتییەوە زیاتر لە ١٩ بنکەن کە ١٥یان بنکەی سەربازین وچواریشیان بارەگای هەواڵگرین، کە زۆربەیان دەکەونە پارێزگای دهۆک و بەشێکیشان لە پارێزگای هەولێر.

 بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێم بریتین لە: 

 - بنکەی سەربازی کانی ماسی
- بنکەی سەربازی و لۆجیستی بامەڕنێ
- بنکەی سەربازی سیری
-بنکەی سەربازی گەلی سەرزێر
- بنکەی سەربازی کوپک
- بنکەی سەربازی قمری
- بنکەی سەربازی کوخی سپی
-بنکەی سەربازی سینک
- بنکەی سەربازی گرێبی لە گوندی بیە
-بنکەی سەربازی گەلی زاخۆ
- بنکەی باتیفا کە یەکەیی تایبەتی هەواڵگری تێدایە
-بنکەی سەربازی شیرت
- بنکەی سەربازی دەری داوەتی
- بنکەی سەربازی ناحییەی زێلکان لە چیای مەقلوب

هەروەها بارەگاکانی دەزگای هەواڵگری میت لە هەرێم بریتین لە:

ـ  بارەگای میت لە ناو قەزای ئامێدی
ـ بارەگای میت لە ناحیەی باتیفا لە قەزای زاخۆ
ـ بارەگای میت لە ناوەندی قەزای زاخۆ
ـ بارەگای میت لە ناوەندی پارێزگای دهۆک 

ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی تورکیا ئۆپراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە بیانووی لێدان لە پارتی کرێکارانی کوردستان تائێستا چەندین ئۆپراسیۆنی ئەنجامداوە کە ئەوانیش بریتین لە:

ئۆپراسیۆنی باکوری عێراق
لە 12ی تشرینی یەکەمی 1992 دەستیپێکرد بە بەشداری 20 هەزار سەربازی تورکیا.
لە ساڵی 1994یشەوە گەڕێکی تری دەستێوەردانی سەربازیی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد بە مەبەستی لێدان بوو لە تواناکانی پەکەکە ئەم دەستتێوەردانە دەسەڵاتی تورکیای لە هەرێم فراوانتر کرد.
ساڵی 1998 تورکیا چاودێری ئاگربەستی نێوان لایەنەکانی کرد هێزی ( (PMFی لە هەرێمی کوردستان جێگیرکرد.

ئۆپراسیۆنی پۆڵا
ئۆپراسیۆنێکی سنوریی سوپای تورکیا بوو دژی پەکەکە بە بەشداری 35 هەزار سەرباز لە 20ی ئازاری 1995 دەستیپێکرد و لە چواری ئایاری 1995 کۆتایی هات بەڵام تورکیا شکستیهێنا لە ئۆپراسیۆنەکە.
ئۆپراسیۆنی چەکوش
ئەم ئۆپراسیۆنە لە 12ی ئایاری 1997 دەستیپێکرد تورکیا لەم ئۆپراسیۆنەدا 30 هەزار سەربازیی ڕەوانەی سنورە هاوبەشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بەڵام ئۆپراسیۆنەکە شکستیهێنا.
ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان
دووەم ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بوو لە ساڵی 1997دا لە ئەنجامی شکستی سوپای تورکیا لە ئۆپراسیۆنی چەکوشدا بڕیار لەسەر ئەم ئۆپراسیۆنە درا بەڵام هاوشێوەی هەوڵەکانی پێشوو شکستیهێنا.
ئۆپراسیۆنی خۆر
لە 21 شوباتی 2008 دەستپێکرد کە نزیکەی 10 هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا کرد یەکەم ئۆپراسیۆنی تورکیا بوو کە هێزی ئاسمانی و تۆپهاوێژەکانی بەو ئاستە بەشداری بکەن.
ئۆپراسیۆنی مانگی ئابی 2011
ئۆپراسیۆنێکی فراوانی ئاسمانی سوپای تورکیا بوو دژیە بە پەکەکە لە ماوەی یەک هەفتەدا هێزی ئاسمانی سوپای تورکیا 137 بنکە و بارەگای پەکەکەیان لە هەرێم بۆمباران کرد.