سۆرانی  |  بادینی  |  English      

شیروان میرزا: هەر کاتێک پارە لە بەغدا هات نابێت لێبڕینی موچە بمێنێت

  2021-05-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە گوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵی، هەر کاتیک پارەی موچە لەبەغداوە هات، نابێت لێبڕینی موچە بمێنێت.

شیروان میرزا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بودجەی نێوان هەرێم و بەغدا تەنها کێشەی هونەری ماوە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت دوای جەژن وەفدی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا بۆ تەواوکردنی لایەنە هونەرییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنە هونەرییەکەی هەرێم و بەغدا بریتی دەبن لە نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی هەردوولا.

شیروان میرزا روونیشیکردەوە، بەگوێرەی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی، دەبێت  ٢٥٠بەرمیل نەوتی هەرێم بە نرخی سۆمۆ دیاری دەکرێت لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە، داهاتی نانەوتی هەرێمیش لە لایەن هەردوو وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی هەردوولاوە حساب دەکرێت و لیکدانەوەی بۆ دەکرێت، ئەمەش پێویستی بە تێگەیشتنی هەردوولا هەیە، بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان دیاریبکرێت، ئەوەش دیارە ئیشی لیژنە هونەرییەکانە.

جەختیشیکردەوەنهیچ بارگرانییەک لەسەر هەردوولا نییە و هەرێم نەوت دەفرۆشتێت پارەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ دەدات بە بەغدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا شیروان میرزا باس لەوەشکرد، هەرچەند هەست بە ساردییەک دەکریت لە لایەن هەدوولاوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین بۆیە چاوەڕواندەکرێت هەردوولا پابەند بن.

بڕواشی وابوو دەبیت هەرێمی کوردستان گەرمووگورتر بێت بۆ  جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، چونکە هەرێم زیاتر پێویستی بە جێبەجێکردنی یاساکەکە هەیە.

دەربارەی مانەوەی لێبڕینی موچەش لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شیروان میرزا جەختیکردووە، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵی نابێت لێبڕینی موچە بمێنیت، بە دڵنییایشەوە لە کات ی ناردنی پارە لە بەغداوە ئەوەندە دێت کە بەشی موچە بکات.

ڕوونیشیکردەوە، لەڕووی یاساییەوە دەبێت ئەو پارەیەی لە بەغدا دێت بۆ موچە خەرجبکریت، بۆ هەر شتێکی تر خەرج بکرێت دەبێت لێبرێنی موچە نەمێنێت و ئەولەویەت بۆ موچەیە و نابێت تا موچە پێویستی بێت بۆ هیچ شتیکی دیکە خەرجبکرێت.

دەربارەی قەرەبووکردنەوەی مانگەکانی ڕابردووش، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بە گوێرەی یاسای بودجە دەبێت لەسەرەتای ساڵەوە یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە هەر کاتێک بە گوێرەی یاساکە ئەگەر عێراق قەرەبوونی مانگەکانی رابردووی هەرێم بکاتەوە، ئەوا دەبێت هەرێمیش قەرەبووی ئەو بڕینی لە ٢١%ی موچەی فەرمانبەران بکاتەوە.