پەرلەمانی ئێران بە زۆرینە و بە دەنگی ١٨٢ پەرلەمانتار، دەنگیدا بە تۆمەتبارکردن و لێپرسینەوە لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، بەوەی کە هەردوو بەندی ٧٧ و ١٢٥ی دەستوری وڵاتەکەی پێشێلکردووە.
بە گوێرەی مادەی ٧٧ و ١٢٥ی دەستور، پێویستە پەرلەمان دەنگ بدات لەسەر هەر پەیماننامە و ڕێکەوتن و گرێبەستێکی نێودەوڵەتی، بەر لەوەی سەرۆکی ئیران ئیمزا بکات.
ڕوسیا تودەی بڵاویکردەوە، لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٦دا حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەشداری و جێبەجێکردنی پلانی پەیماننامەی یونسکۆ بۆ ساڵی ٢٠٣٠، کە ناونرا بە پەیماننامەی کۆماری ئیسلامی نیشتیمانی بۆ فێرکردنی ٢٠٣٠، بۆ فێربوونی نوێ و فێربوون تا کۆتایی ژیان، بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان.
بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا کاتێک لیژنەی نیشتیمانی یونسکۆ بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و وەزیری زانست و توێژینەوە لە حکومەتی ڕۆحانی پەیماننامەکەیان ئاشکراکرد، ڕووبەڕووی ڕەخنە و گلەییەکی زۆر بۆوە لەلایەن مەرجەعە ئایینییەکانی ئیرانەوە، ئەوەش بووە هۆی دەرچوونی بڕیارێک لە لایەن ئەنجومەنی باڵا بۆ شۆڕشی کلتوری لە ئێران و هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە.
هەر ئەو کات عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران، رەخنەی لە حکومەتی وڵاتەکەی گرت لەسەر ئێمزاکردن لەسەر ئەو ڕێککەوتنە و ڕایگەیاند "ئێرە کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئیسلام و قورئان پێوەرە، شوێنێک نییە بۆ دزەکردنی شێوازی ژیانی خۆرئاوای کە چەندین لەکە و گەندەڵی وێرانکاری تێدایە".
هەواڵەکردنی دۆسیەی ڕەزامەندی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر ئەو پەیماننامەیە بۆ لێپرسینەوە لە کاتێکدایە، تەمەنی حکومەتەکەی ماوەی ١٠ ڕۆژی ماوە و لە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوە دەچێت، ڕۆحانیش مافی ئەوەی نییە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستەکەی کاندید بکاتەوە.