سۆرانی  |  بادینی  |  English      

کازمی: نابێت فەتوای جیهادی کیفایە بۆ بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری بەکاربهێنرێت

  2021-06-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، فەتوای جیهادی کیفایە دەربڕینی ڕۆحی نیشتیمانی و ناسنامەی گشتگیری عێراقییانە بووە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەەوە، عێراق لەو ڕۆژانەدا بە دۆخێکی زۆر نالەبار و مەترسیداردا تێپەڕبوو، تەنانەت مانەوەشی لەبەردەم مەترسیدا بوو، بۆیە چاودێری خوا و ئەو فەتوایەش کە لە لایەن عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵاوە دەرچوو، توانی دڕەندەیەکی تیرۆرست ڕابگرن، کە سەرتاپای جیهانی تۆقاندبوو.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، فتوای سیستانی دەربڕینی ڕۆحی نیشتیمانی بە ناسنامەیەکی عێراقی بووە،  بەشێوەیەک هەموو ناونیشانێکی تایەفی و رەگەزایەتی لەخۆی داماڵیوە و بە تەواوی دوور بووە لە گوتاری سیاسی.

کازمی ئاماژەی بەوەشکردووەن فتواکە خوێنی نوێی کردەوە جەستەی عێراق و عێراقییەکان، لەو کاتەدا جیهان بە دۆخیکی قورسدا تێپەڕ دەبوو، بە تایبەت دوای کارەساتە تۆقێنەرەکەی لەدەستدانی شاری موسڵ وەک یەکێک لە گەورە شارەکانی عێراق و کۆنترۆڵکردنی لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە.

کازمی جەختیکردەوە، هەموو ئەو کارەساتانە لە دەرئەنجامی کەمتەرخەمی بووە لە چاودێرێکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان و سوپا و کەڵەکەبوونی سیاسەتی هەڵە، کە وڵاتەکەی بەرە و کارەسات برد.

ڕوونیشیکردەوە، ئەوان ئێستا لەسەر ڕاستکردنەوەی ئەو ئاراستانە کار دەکەن، بۆ ئەوەی وڵاتەکە بخەنەو سەر هێڵی راستەقینەی خۆی، بە شیتوانیکردن لە هێزە چەکدارەکان و بەهێزکردنی تواناکانی ، بە رەچاوکردنی بنەما سەربازییە نیشتیمانییەکان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا کازمی جەختیکردەوە، مەرجەعیەت هەمیشە هۆشداری داوە لەوەی فەتواکە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە بەکار بهێنرێت بۆ بەرژەوەندی پرۆژەی نا نیشتیمانی، کە بێیتە هۆی مایەپوچکردنی قوربانی خۆبەخشە پاڵەوانەکان.