تالیبان 5 ناوچەی دیکەی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردەوە

  2021-07-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردووە، چەکدارانی بزوتنەوەی تالیبان شەوی ڕابردوو ٥ ناوچەی دیکەی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، حکومەتی ئەفغانستانیش ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٠٠ چەکداری تالیبانیان کوشتووە.

کەناڵی (تڵوع نیوز) ی ئەفغانستان ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەو پێنج ناوچەیە بریتین لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەنجوا لە ویلایەتەی قەندەهار باشوری ئەو وڵاتە، زیروک لە ویلایەتی باکتیکا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، کوفاب و ئارکۆ و کوهستان لە ویلایەتی بەدخشان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان.

لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی پاسەوانی سنوری تاجیکستان ڕایگەیاند، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئەفغانستان لەبەردەم هێرشی چەکدارانی تالیباندا هەڵاتوون و دواتریش چەکدارانی تالیبان دەستیانگرتووە بەسەر ٣ بەڕێوەبەرایەتی ویلایەتی بەدەخشاندا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانیان لە  زنجیرەیەک ئۆپراسیۆندا لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای وڵاتەکە، توانیویانە ١٤٣ چەکداری تالیبان بکوژن و ١٢١ چەکداری دیکەش بریندار بکەن.

ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە کشانەویە پێشوەختە لە ناوخۆیی ئەفغانستان، ئەوەش وایکردووە چەکدارانی تالیبان سود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرن و کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری وڵاتەکەیان بکەنەوە.



ڕیکلام