تاڵیبان گرنگترین دەروازەی سنوری لەگەڵ ئێران کۆنترۆڵکرد

  2021-07-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوانی بزوتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان ڕایانگەیاند، لەدرێژەی هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی وڵاتەکەیان، دوو دەروازەی سەرەکیان لەگەڵ هەر لە ئێران و تورکمانستان کۆنترۆڵکردووەتەوە لە باکوری ئەو وڵاتە.

تالیبان ڕایگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی شارۆچکەی (ئیسلام قەلعە) لە سنوری ئێران و (تورگوندی) لە سنوری تورکمانستانیان کردووە.

بە گوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدۆییانە کە ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، دەردەکەوێت چەکدارەکانی تالیبان، ئاڵای ئێستای حکومەتی ئەفغانستان لە خاڵێکی سنوری نزیک ئێران لادەبەن.

دەربارەی هێرشە نوێیەکانی تالیبان لە باکوری وڵاتەکە، زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تالیبان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا دەروازەی سنوری ئیسلام قەلعە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەیخەنەوە گەڕ.

دەروازەی ئیسلام قەلعە بە یەکێک لە دەروازە سنورییەکانی ئەفغانستان دادەنرێت لەگەڵ ئێراندا، کە زۆربەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی فەرمی لەو دەروازەیەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.

دەروازەی ئیسلام قەلعە لە دووەم ستراتیژیترین دەروازەی سنوری دادەنرێت کە تالیبان کۆنترۆڵیان کردووە، دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا دەروازەی (شیرخان)یان لەگەڵ وڵاتی تاجیکستاندا کۆنترۆڵ کردووە، کە تا ئێستا بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی تالیبانەوە زیاتر لە دوو هەزار سەربازی ئەفغانستان لە سنورەکانەوە چوونەتە ناوخۆیی تاجیکستانەوە.

بە گوێرەی پێشبنییەکان داهاتی ئەو دەروازە سنورییە لەگەڵ ئێران، مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی ئەفغانستان دەستبەر کردووە.

دەربارەی کۆنترۆڵکردنی ئەو دەروازە سنورییە، وتەبێژی وەزارەتی ناوۆخیی ئەفغاستان بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای ڕاگەیاندووە، سەرجەم هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان خراونەتە ئامادە باشییەوە، بە مەبەستی سەندنەوەی ئەو دوو دەروازە سنورییە لە دەستی تالیباندا.

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن، تالیبان توانیویەتی لە هەرێمی هیرات، بێ هیچ ڕووبەڕبوونەوەیەک لەگەڵ سوپای ئەفغانستان ٥ ناوچە کۆنترۆڵ بکاتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەفغانستان، بزوتنەوەی تالیبان تا ٦ مانگی دیکە توانای ئەوەی هەیە کۆنترۆڵی تەواوی ئەفغانستان بکاتەوە.

ئەو ڕاپۆرتەش لە کاتێکدایە، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان پێی وایە، هێزەکانی حکومەتەکەی لە توانایاندایە تالیبان تووشی شۆک بکەن و لە ئێستاشدا هەندیک ناوچەیان لە دەستی تالیبان سەندووەتەوە.

دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە ناوخۆیی ئەفغانستان، جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە بەرگری لە بڕیاری کشانەوەکە کرد و ڕایگەیاند، لە کۆتایی مانگی ئابی داهاتوودا سەرجەم هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان دەکشێنەوە، بەڵام کەوتنی ئەفغانستان بە دەستی چەکدارانی تالیبان شتێک نییە یەکلایی بوبێتەوە.

بایدن ئاماژەی بەوەکرد، سوپای ئەمریکا ئامانجەکانی خۆی لە ئەفغانستان بەدیهێناوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە کوشتنی ئوسامە بن لایدن سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە و لێدانی توانا و ژێرخانی قاعیدە، بەشێوەیەک کە چیتر توانای هێرشی نەبێت بۆسەر خاکی ئەمریکا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بایدن گومانیکرد لە توانای حکومەتی ئەفغانستان کە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی خاکی وڵاتکەی بکات، دوای  تیپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاوە.

ماوەی دوو هەفتەیە هێزەکانی تالیبان لە بەشی باکوری ئەو وڵاتەوە زنجیریەک هێرشی فراوانیان دەستپێکردووە، کە تا ئێستا توانیویانە دەیان ناوچەی ئیداری و خاڵی سنوری کۆنترۆڵ بکەن، بەشێوەیەک لە هەندێک ناوچە سوپای ئەفغانستان ناتوانێت هیچ بەرگرییەک بکات  بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی تالیبان.



ڕیکلام