بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی تووشبوان و خەواندنی زیاتری نەخۆش لە نەخۆشخانەکان، جارێکی تر نەخۆشخانەی فریکەوتنی رۆژئاوا تەرخانکرا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆڕۆنا.
لە ڕاگەیانداوێکدا بژار موسی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بڵاویکردەوە" بەداخەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاو و خێرای نەخۆشی کۆڕۆنا وبەرزبوونەوەی خەواندنی نەخۆش لەنەخۆشخانەکان جارێکی تر نەخۆشخانەی فریکەوتنی رۆژئاوا تەرخانکرا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆڕۆنا" .
داواشی لە هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر کردووە، لەکاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو دەتوانن سەردانی نەخۆشخانە فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات بکەن، بۆ رووداوەکانی گولە، سوتان، رووداوی هاتووچۆ، برینکاری جوانکاری و نەشتەرگەری مێشك و دەمار دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی بکەن وەك شوێنگرەوەیەك بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشان .
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە و نزیکەی دوو هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.