رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆڕناڵ)ی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لێپرسراوە باڵاکانی ئەمریکا و عێراق سەرقاڵی داڕشتنی پلانن، بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەک سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا .
                                        
                                   
                                        
                                            
                                            
                                            
                                                
                                                
                                            
                                            بە گوێرەی ڕۆژنامەکە لێپرسراوە عێراقی و ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەیاننامەکە بەم نزیکانەوە و بە بۆنەی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن بڵاودەکرێتەوە، کە بڕیارە دووشەممەی داھاتوو ئەنجامی بدات  .
بەوتەی ئەو لێپرسراوانەی کە قسەیان بۆ وۆل ستریت جۆڕناڵ کردووە، بەیاننامەکە بۆ کەمکردنەوەی فشارە لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق، کە لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە لەسەریەتی و بەردەوام داوای کشانەوەی ھێزە بیانییەکان دەکەن لە عێراق، کە ژمارەیان ٢٥٠٠ کەسە  . 
یەکێک لە لێرسراوە ئەمریکییەکان ئاشکرایکردووە، واشنتۆن پلانی داڕشتووە بۆ گۆڕانکاری لە رۆڵی هەندێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، نەک کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامەکانی  . 
ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنی پێنجشەممە لێپرسراوانی ئەمریکا و عێراق لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری لە واشنتۆن، خولی چوارەی گفتوگۆی ستراتیژیان دەستپێکرد، کە دوا خول دەبێت لە نێوان ھەردوولادا  . 
بە گوێرەی ناوەرۆکی وتوێژەکان ئەرکی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بریتی دەبێت لە راهێنان بە ھێزە عێراقییەکان و دژایەتیکردنی داعش و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری ھەواڵگری  . 
بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن بکات و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و گەورە لێپرسراوانی ئیدارەکەی کۆبێتەوە  .