دەمیرتاش: کاتی ئەوە هاتووە 85 ملیۆن کەس ڕاستییەک ببینن، ئەم دەسەڵاتە کۆتایی هاتووە

  2023-02-11  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەڵاحەدین دەمیرتاش، لەسەر بومەلەرزەكەی باكوری كوردستان و توركیا ڕایگەیاند، بەهۆی شاردنەوەی گەورەیی بومەلەرزەكە لە سەرەتایی ڕووداوەکە، وایكرد خەڵك بەهانای زیانلێكەوتوانەوە نەچن و ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی زیانەكان.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە لە زنجیرە تویتێکدا، کە درەنگانی شەوی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتی توركیا دەگرێت ‌و ده‌ڵێت: ئامارەکانی بومەلەرزەکەش هاوشێوەی ئامارەکانی کۆرۆنا دروست نین، بەداخەوە کە ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە ژێر داروپەردودان ‌و دەکرێت ئێستا ژمارەی ئەوکەسانەی لەدەستمانداون ٣٠ هەزاری تێپەڕاندبێت.

دەمیرتاش هەروەها ڕەخنە لە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دەگرێت ودەڵێت: لەسەرەتای بومەلەرزەکەدا گەورەیی ڕووداوەکەتان لەخەڵک شاردەوە بۆ ئەوەی کاردانەوەی لەناکاو دروست نەبێت، بەڵام بەم کارەتان خەڵکتان لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان دواخست.

هەروەها لە درێژەی تویتەكەیدا نووسیویەتی: حکومەتی تورکیا لەیەکەم ڕۆژەکانی دوای بومەلەرزەکەدا بەڵێنی پێدانی ١٠ هەزار لیرە (نزیکەی ٥٣٠ دۆلار)ی بەهەر خێزانێکی زیانلێکەوتوی بومەلەرزەکە داوه‌، ئەوه‌ش سوکایەتییه‌، کاتی ئەوە هاتووە ٨٥ ملیۆن کەس ڕاستییەک ببینن، ئەم دەسەڵاتە کۆتایی هاتووە، خۆمان دەست لەنێو دەست، هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکانمان دەدەین.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، چەند بوومەلەرزەیەك، كە بەهێزترینیان ٧.٨ پلەی بە پێوەری ڕێختەر بوو، بەشێك لە ناوچەكانی باكووری كوردستان، توركیا، ڕۆژئاوای كوردستان و سووریایان هەژاند و لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس لەو ناوچانەی بوومەلەرزەكە كاریگەری لەسەریان هەبووە، بێ ماڵوحاڵ بوون و هەزاران خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون خاپوور بوون و زیانێكی زۆری گیانیشی لێكەوتەوە.

ژمارەی ئەوانەی تائێستا بەهۆی بومەلەرزەكەوە لە باکوری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٢٠ هەزار و ٣١٨ کەس، ٨٠ هەزار و ٨٨ کەسیش بریندار بوون.



ڕیکلام