سەرۆکی پەرلەمان: نزیکەی ساڵێکە هیچ نەما بۆ پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکانی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ نەیکەین

  2020-07-07  | 
ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: ئەرکی پاراستن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆیی،کشتوکاڵی بێت یان پیشەسازیی،پلانی ستراتیژی و زەمینەی تەشریعی ئەوێت

نزیکەی ساڵێکە هیچ نەما بۆ پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکانی(پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی،سندوقی بیمەی کشتوکاڵی و ڕێکخستنەوە و بەڕێوەبردنی عەلوەکان)نەیکەین،کەچی تا ئێستا پێمان نەکراون بە قانون و هەرجارەی بەهۆکارێک ئەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم...
هەموو دامەزراوەکانی هەرێم،ڕاگەیاندن و خودی هاووڵاتیانیش هەریەکەمان بەقەدەر توانا و دەستڕۆیی و دەسەڵاتمان پشکی بەرپرسیارێتی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیمان ئەکەوێتە ئەستۆ،ئەگەر پێکەوە ئەو پلانە ستراتیژیە و ئەو زەمینە تەشریعیە ئامادە و ئاراستە نەکەین،بەرهەمهێنی خۆماڵی هەموو ساڵێک ڕەنج بەخەسار ئەبێت ...
گرێیەکە بە یەک وەزارەت و لای يەک وەزیر ناکرێتەوە،بەرپرسیارێتیەکە هاریکارانە و دەستەجەمعیە،تەنها ئەوکاتە ئەتوانین دڵنیایی بدەینە بەرهەمهێنی کوردستانی کە دروشمە زۆر و زەوەندەکانی هەڵبژاردن و کارنامەی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بەکرداریی بخرێتە بواری جێبەجێکردن و سنوورەکان بەسەر ئەو هەموو کاڵا و بەرهەمە دەرەکیەدا دابخرێت کە کاڵا و بەرهەمی خۆماڵی ناتوانێت کێبەرکێیان بکات و خۆی لەبەردەمیا ڕابگرێت.
ئەمەش بە تەنها بە وەزیری کشتوکاڵ ناکرێت بەڵکو ئیرادە و بڕیاری حکومەتی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی نفوزی کۆمپانیا و بازرگانە خاوەن دەسەڵاتەکان و قانونێکیشی بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی ئەوێت کە لە بەرنامە و پلانی دەستێکی ئەم خولەی پەرلەمان بووە.
هیوادارم ئەم دۆخەمان بۆ بووبێتە دەرس و پەلە و دەستوبرد بکەین لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە و ئەبێت حکومەتیش بەرپرسیارێتی دەستەجەمعی بۆ پێدانی دڵنیایی بە جووتیاران لە ئەستۆبگرێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم دۆخی بێئومێد بوونەیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە..


ڕیکلام