ئەمڕۆ، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە.
تۆڕى سی ئێن ئێن ئاشکرای کردوە کە بایدن کاتژمێر هەشتی بەیانی گەیشتوەتە کیێڤ بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە سەردانەکە پێشوەخت ئاشکرا نەکراوە و سەرەڕای گەشتەکەی بایدنیش لە شەقامەکانی پایتەختی وڵاتەکە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە بیستراوە.
سەرۆکی ئەمەریکا دواى کۆبونەوەى لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنگریەکى رۆژنامەوانیدا بەڵێنی دا چەک و کەرەستەی سەربازیی زیاتر بۆ ئۆکرانیا بنێرن و هاوکارى زیاتریش پێشکەشى ئەو وڵاتە بکەن. راشیگەیاند, "هاوپەیمانییەک بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و دژایەتى کردنى روسیا پێکدەهێنن"
بایدن وتیشی: پابەندبوونی خۆمان بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دووپات دەکەینەوە
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکى سەرۆکى ئۆکرانیا رایگەیاند، سەردانەکەى سەرۆکى ئەمریکا بۆ وڵاتەکەى ئاماژەیە بۆپشتیوانیکردن لە ئۆکرانیەکان و جەختیشى کردەوە" ئەمساڵ دەبێتە ساڵى سەرکەوتن بەسەر روسیادا".
سەردانەکەی بایدن بۆ کیێڤ هاوکاتە لەگەڵ نزیکبونەوەى تێپەڕبونى ساڵێک بەسەر هێرشەکەی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا.