مووچەی فەرمانبەران لەژێر رەحمی شاندەکەی هەرێمدایە

  2023-03-29  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

مووچەی فەرمانبەران لەژێر رەحمی شاندەکەی هەرێمدایە
هەڕەشەیەکی جدی لەسەر مووچەی مانگی ئازار هەیە و گەر وا بڕوات 
حکومەتی هەرێم توانای دابەشکردنی نابێت

رۆژی ٨ی ئازار بوو کە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێکرد
لەو کاتەوە زیاد لە ٢٠ رۆژ تێپەڕیوە  وهێشتا هەموو وەزارەتەکان مووچەکانیان دابەشنەکراوە
ئەمە سەرباری ئەوەی کە وتەبێژەکەی حکومەت چەند جارێک وتبووی کە دابەشکردنی مووچە لە ٢٥ی هەموو مانگێک دەستپێدەکات
بەڵام وا ٢٥ی ئازار تێپەڕی و هێشتا دابەشکردنی مووچەی شوبات کۆتایی نەھاتووە
لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشکردنی مووچەی شوبات کۆتاییدێت
بەڵام دواتر کێشەی مووچەی مانگی ئازار سەرهەڵدەدات

بە گوێرەی هەموو ئەو زانیارییانەی کە بەردەستن، حکومەتی هەرێم تا ئێستا پارەی پێویستی نییە تا مووچەی ئەم مانگە دابەشبکات
دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق و دژی تورکیا
هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا، ئەوە ٢٥ی مانگ بوو
ناچار حکومەتی هەرێم بەردەوام بوو لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکان
بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ رێگەیەکی هەناردەکردن
ناچاربوون بە عەمبارکردنی ئەو نەوتە، بەڵام توانای عەمبارکردنی نەوتی هەرێمیش سنووردارە

دوای دوو رۆژ و لە ٢٧ی ئازار، هەر بەو شێوەیە روویدا، عەمبارەکان پڕ بوون و بەرهەمهێنانی نەوت راگیرا
بە واتایەکی دیکە، بڕبڕەی سەرچاوەی داهات بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەتا زۆرێک لە خەرجییەکانی دیکە شکا
ئێستا، حکومەت لە دۆخێکی سەختدایە
لەلایەک پارەی پێویستی لا نییە بۆ دابەشکردنی مووچە
لەلایەکیش ناتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات تا مووچە دابەشبکات
سەرەنجام شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی چوونەتە بەغدا و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی دەکەن 
ئەگەر ئەنجامی باشی هەبوو ئەوا خێر لەسەر خێر
ئەگەریش نەیبوو ئەوا مەترسییەکە لەسەر مووچەی فەرمانبەران دەبێتە جدی

بۆ دابەشکردنی مووچە، حکومەتی هەرێم پێویستی بە نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینارە
بەڵام، ئەم مانگە نیوەی ئەو پارەیەش لە دەستی حکومەتی هەرێمدا نییە
بەو پێیەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە و هیچ رێگەیەک بۆ ساغکردنەوەی نییە
ئەمە بەدەر لەوەی لە داهاتی مانگی شوبات نزیکەی ٣٦٠ ملیار دینار دیارنەماوە و کەس نازانێ چی لێهاتووە
بۆیە بە داهاتی نەوتی سەرەتای مانگی شوبات دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد

ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت؟

ئێستا و بەپێی پێشهاتە نوێیەکان، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە قەیرانێکی سەختی دارایی لە بەردەم حکومەتی هەرێم و خەڵکەکەیدایە
گەر حکومەت توانای دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری نەبێت
ئەوا بێگومان ئەو دۆخە درێژە دەکێشێت.

تەنها رێگەچارەی بەردەم حکومەت
دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، تەنها رێگەچارەی حکومەتی هەرێم رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا
بەو پێیەی هیچ دەرچەیەکی نییە کە لە رێگەیەوە نەوت هەناردە بکات و داهاتە ناوخۆیی و دەروازەییەکانیش کورتهێنان پڕ ناکەنەوە
دەبێت حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە هەموو مەرجەکانی بەغدا رازی بێت
ئەگەریش لەسەر هەمان بیرکردنەوەی مەسرور بارزانی کاری کرد و توند و پێداگر بوو
ئەوا دژواریی روو لە هاوڵاتییانی هەرێم دەکات و 
ئەوکات مەسرور بارزانی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بۆ 
ساڵانی شەڕی داعش

ئەگەر ئەوکات شەڕی داعش بیانوویەک بوایە بۆ قەیرانی دارایی
بەڵام ئێستا مەسرور بارزانی هیچ بیانوویەکی بەدەستەوە نییە
گەر بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی بوێت، لەگەڵ بەغدا رێدەکەوێت
ئەگەریش نا، ئەوا دیارە بەرژوەندی هۆزەکەی پێشدەخات


ڕیکلام