هێزی پێشمەرگە چاودێری ئۆپراسیۆنەکەی سوپای عێراق دەکات

  2020-07-13  | 
کەرکوک
سەنگەرێکی پێشووی پێشمەرگە لە باشوری کەرکوک
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزی پێشمەرگە چاودێری ئۆپراسیۆنەکەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات، کە چەند ڕۆژێکە دەستیپێکردووە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، سبەینێ ئامانجی حکومەتی عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ڕووندەبێتەوە.

ئۆپراسیۆنەکەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە لەڕۆژی شەممەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، هەرچەندە بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ڕێککەوتن بووە، بەڵام لەهەندێک ناوچە جۆرێک لە گرژی لەنێوان پێشمەرگە و سوپا ڕوویداوە، بەو پێیەی سوپا لە ناوچەکانی پێشمەرگە نزیک بووەتەوە و پێشمەرگەش گومانی لەو نزیکبوونەوە هەبووە .

لیوا محەمەد هەژار فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوری قەرەتەپە، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، ئۆپراسیۆنی هێزە عێراقییەکان دژی چەکدارانی داعشە، بەڵام لەهەندێک ناوچە لەبارەگاکانی ئێمە نزیکبوونەتەوە و هیچ کێشەیەک ڕووینەداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک لە بارەگاکانی ئێمە نزیکبوونەتەوە، هیچ پرسێکیان بە ئێمە نەکردووە، بەڵام ڕەنگە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هێڵ بووبن .

ئۆپراسیۆنەکە لە ڕۆژی شەمەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە سبەینێ سێشەمە کۆتایی بێت، هەر سێ فەرماندەی پرۆسەکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین بەشدارن تێیدا و هێزێکی زۆریان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کۆکردووەتەوە، بەرپرسانی پێشمەرگە چاوەڕوانی سبەینێ سێشەمەن، تا بزانن ئامانجی سوپا چیە، بەوەی لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە لەکاتی ئۆپراسیۆنەکەدا کۆنتڕۆڵی کردوون، یاخود هێز جێگیر دەکات .

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەئۆپراسیۆنەکە رایگەیاندووە، پێناچێت لەم قۆناغەدا، سوپای عێراق هیچ نیازێکی بەرامبەر پێشمەرگە هەبێت، گەرچی نایەوێت وەکو هێزێکی گەورە مامەڵەی لەگەڵدا بکات .

ئەوەشی خستەڕوو، مەبەست لە ئۆپراسیۆنەکە بۆ لە قاڵبدانی هەندێک گروپی میلیشیاییە، کە حکومەت گومانی هەیە ئەو هێزانە چاوپۆشی لە داعش بکەن، تا درێژە بەمانەوەیان لەو ناوچانە بدەن .

ئۆپراسیۆنەکەی هێزە عێراقییەکان، هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵ و هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر گوندە کوردنیشینەکان، کە تا ئێستا ناسنامەی ئەو چەکدارانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن، جێی مشتومڕ و گومانە و ساغ نەبووەتەوە.



ڕیکلام