وەزیری تەندروستی هەرێم: پێشبینی دەكرێ 120 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا ببن

  2020-07-13  | 
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سامان به‌رزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەكەن تا مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، ژمارەی تووشبوون لە هەرێمی كوردستان بەرزبێتەوە بۆ نزیگەی 120 هەزار حاڵەت .

وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رەوشی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كۆرۆنایەی كە ئیًستا لە هەرێمی كوردستاندایە، هەمان شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنایە بەڵام لە هەڵكشانی بەردەوامدایە و تا ئێستا هیچ شەپۆلێكی تری كۆرۆنا نەهاتووەتە هەرێمی كوردستان .

بە گوێرەی ئەو داتایانەی كە وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە چەماوەی پەتایی هەرێمی كوردستان تا مانگی شوبانی ساڵی 2021 ژمارەی تووشبوانی دەگاتە 119 هەزار و487 حاڵەتی تووشبون بە فایرۆسی كۆرۆنا .

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ژمارەیە 95589 حاڵەتی تووشبوونی سوك دەبێت و 7923 حاڵەتیان توند دەبێت و 5974 حاڵەتیشیان ناجێگیر دەبێت .

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر بێتوو تەشەنەكردنە بەردەوام بێت ص ئەو ژمارەیە لە خەڵك تووشی پەتاكە ببن كە پێشبینیكراوە، ئەوا پێویستیان بە 6039 قەرەوێڵە دەبێ، بەشێوەیەك 5759 حاڵەتیان توند دەبێت و 280 حاڵەتیش بۆ ئەو كەسانەی پێویستان بە چاودێری چڕە .

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ دۆخی ئەو كاتەی هەرێمی كوردستان پێویستە ڕۆژانە 2500 پشكنین ئەنجام بدرێت و لەو كاتەشدا ئەگەر هەموو نەخۆشەكان لە نەخۆشخانە چارەسەر بكرێن، ئەوا پێویستیان بە 716920 كەلوپەلی خۆپارێزی دەبێت .

لە بەشێكی تری كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكەیدا وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد بەوەی ڕێّژەی نەخۆشی كۆرۆنا لەهەرێم 41.6%، بەڵام ڕێژەی چاكبوونەوە 54.9%، ڕێژەی مردنیش 3.5 %.

جەختیشیكردەوە لە ئێستادا ژمارەی تووشبوون جارێكی تر لە هەرێمی كوردستان بەرەو بەرزبوونەوە چووەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە چەند شوێنێك وا ڕاگەیەندرا كە پەتای كۆرۆنا كۆنترۆڵاكراوە .

وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێژەی مردن بە كۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر لە ئێستادا 2.2% وە، بەڵام لە یارێزگای سلێمانی ڕێژەكە بەرزترە و دەگاتە 4.2% و لە دهۆك سفرە چونكە خۆبەخشانە تا ئێستا هیچ كەسێك بە نەخۆشییەكە گیانی لە دەست نەداوە، لە پارێزگای هەڵەبجەش لە 2 %.

سەبارەت بە تەمەنی ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا بوون، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەكرد، لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی زۆری ئەو كەسانەی تووشی پەتاكە بوون، تەمەنیان گەنجە و

وەزیری تەندروستی هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكەیدا ئاشكرایكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمرۆی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، سوپاس و پێزانین و پێشخستنی خزمەت بۆ هەموو پزیشك و كارمەندان و تەندروستكارانی كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بكرێت لە پای ئەو ماندوو بوونەیان كە بە خەرجیان داوە لە بواری خزمەتكردنی بە كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان .

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی تایبەت دەردەكات بۆ ئەو نەخۆشانەی كە نیشانەكانیان سوكە و پێویستیان بە نەخۆشخانە نییە  كە لە ماڵەكانیان بمێننەوە .

داواشی لەو هاوڵاتیانە كرد كە نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان هەیە و بە هەر هۆكارێك نەهاتوون بۆ نەخۆشخانە، با سەردانی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا بكەن بۆ ئەوەی تۆماربكرێن و لە لایەن پزیشكی پسپۆڕەوە چاودێرییان بكرێت .



ڕیکلام