ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز: بڕیارە ئەم هەفتەیە نەوتی ماڵان بۆ هەرێم ڕەوانە بکرێت

  2023-11-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەموو رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بوون و ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندیی لەسەر داوە، بۆیە بڕیارە ئەم هەفتەیە نەوت بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

سەباح سوبحی، ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی نەوتی سپیی ماڵان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەبەر نرخەکەی بوو، کە ئەویش چارەسەر کراوە و رێکارەکانی تەواو بوون و ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندیی لەسەر نرخەکەی داوە، کە نرخی هەر بەرمیلێک 60 هەزار دینارە.

وتیشی، بڕیارە ئەم هەفتەیە نەوتی سپیی ماڵان لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و بەپێی پێویستیی هەرێمی کوردستان نەوتەکە رەوانە دەکرێت، بۆیە ئەم هەفتەیە نەوت دەگاتە هەرێمی کوردستان.