پڕۆژەیاساکەی بەریتانیا دژی کۆچبەران جێبەجێکرا

  2024-01-20  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەدەنگی ٣٢٠ پەرلەمانتاری بەریتانیا پرۆژەیاسای ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا پەسەندکردا.

ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەپەیامێکدا ڕایگەیاند، "گرنگە ڕێگریی لەبەلەمە نایاساییەکان بکەین، خۆشحاڵم پلانەکەمان کاردەکات، ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان یەک لەسەر سێ کەمیکردو ئەمە پێشتر ڕوینەداوە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە دەتوانین جیاوازی بکەین، تا ئەو کێشەیە بەتەواوی چارەسەربکرێت پێویستە بەرپەرچدانەوەمان ھەبێت، ئەگەر خەڵک بەنایاسایی بێنە ئێرە، دەبێت دوور بخرێنەوە، بۆیە پلانی ڕواندا زۆر گرنگە".

پلانی حکومەتی بەریتانیا بۆ گواستنەوەی پەنابەران بۆ ڕواندا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندکراوەو ماوە لەلایەن ئەنجومەنی لۆردەکان پەسندبکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئەنجومەنی لۆردەکانیش ئەو پلانە پەسندبکەن، تا کۆتایی بەهاتنی بەلەمی کۆچبەرە نایاساییەکان بهێندرێت".

سیاسەتی ڕواندا پلانی سەرەکی ڕیشی سوناکە تا ڕێگری لەکۆچبەری نایاسایی بکات‌و پێشتریش پلانەکە لەنیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا پەسندکرا، بەگوێرەی پلانەکە، هەر کۆچبەرێک لەدوای یەکی کانونی دوەمی ٢٠٢٢ گەیشتبێتە بەریتانیا بۆ ڕواندا ڕەوانە دەکرێت‌و لەوێ دەمێنێتەوە تا پڕۆسەی پەسندکردنی پەنابەرییەکەی کۆتایی دێت، ئەگەر بەریتانیا بەپەنابەر وەرینەگرێت جارێکی دیکە ناتوانێت ڕوو لەو وڵاتە بکات.


ڕیکلام