قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەموو تیمەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی پێویستدان و ئامادەکاری پێشوەختکراوە بۆ رێگری لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو و تا ئێستاش ئاستەنگی و کۆبوونەوەی ئاو دروست نەبووە.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بەمەبەستی رێگریکردن لەدروستبوونی لافاو لەو بارانە چەند رۆژییەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، ئامادەكاری پێشوەختەكرا و پلانێكی تۆكمەیان داناوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو.
وتیشی: ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی ئامادەکاری تەواوی کردووە و هیچ رووداوێکی دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لەشارەكە دروست نەبووە.
قائیمقامی سلێمانی داواشی لە هاووڵاتیان کرد، کە هاوکاریان بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو کە رووبدات.
جەختیشیکردەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی و لیژنە هاوبەشەکان و تیمەکانی قائیمقامیەت و تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی هەموویان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.