بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، بۆ جاری دووەم سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە.
ئەحمەد رەمزی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راگەیاندووە، رۆژی سێشەممەی داهاتوو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ سودانی کۆدەبنەوە بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازەکانیان و کار و بەرنامەی هەر یەکێک لەو لایەنانە، لەگەڵ میکانیزمی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و رێککەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.
وتیشی: لایەنەکان پێویستیان بەوەیە کاتێکیان بۆ دیاریبکرێت بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەربکەن، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات بەبێ ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار هەڵبژێرێت و بە کراوەیی کۆتایی بە کۆبوونەوەکە بێت بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ لەبەردەم هێزە سیاسیەکاندا بکاتەوە.
رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی سودانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوە و لەسەر ئامادەکردنی کارنامەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە رێککەوتن.