سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، بڕیارەکەی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک بۆ نیشتەجێکردنی هەمیشەیی ئاوارەکان بەرەسمی راگیراوە و کاری پێناکرێت.
لە روونکردنەوەیەکدا، رێبوار تەھا سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت، بۆ ھەموو لایەکی روون دەکەنەوە کە پاش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک، ئەو بڕیارە راگیراوە و کاری پێی ناکرێت.
وتیشی، کە بڕیاری لەو جۆرە پێویستی بە راوێژ و گفتوگۆ و بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەبێت، ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە بەھیچ جۆرێک کاری پێناکرێت و نا یاسایی و نا دەستوورییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە راکان جبوری لە نوسراوێکدا بڕیاریدا، ئەو ئاوارانەی لە ساڵانی رابردوودا ئاوارەی سنوری کەرکوک بوون، وەک ھاووڵاتی نیشتەجێی ھەمیشەیی کەرکوک بناسێنێت.