د. زیا موحسین: هیچ بەربەستێکی تەکنیکی نییە بۆ دروستکردنی کارتی بانکی فەرمانبەرانی هەرێم

  2024-03-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پسپۆڕێکی دارایی‌و بانکیی عێراقی ئاشکرایکردوە، هیچ بەربەستێکی تەکنیکی نییە بۆ دروستکردنی کارتی بانکی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بەهەماهەنگی هەیە لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی‌و وەزارەتی دارایی هەرێم.

د. زیا موحسین پسپۆڕی دارایی‌و بانکیی عێراقی ڕایگەیاندوە، "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە هەمانە، وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت پرۆسەی تەوتین‌و بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا تەواو بکات".

وتوشیەتی، "کۆبونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ هەردوو بانکی ڕافیدەین‌و ڕەشید، پەیوەست بوە بەپرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، میکانیزمی بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەکی باش‌و خێراو بەبێ دواکەوتن".

ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بەپارەدانی ئەلیکترۆنی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەگوێرەی هەمان ئەو میکانیزمەی کە فەرمانبەران‌و خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵی لەشارەکانی هەرێم‌و وڵاتانی وەک تورکیاو میسرو هەندێک وڵاتی دیکە دەژین‌و موچە وەردەگرن.

ئەوەشی وتوە، وەزارەتی دارایی دەتوانێت بەئاسانی کارتی بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروستبکات‌و هیچ بەربەستێکی تەکنیکی نییە، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بەهەماهەنگی هەیە لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی‌و وەزارەتی دارایی هەرێم، لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بەتەوتینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبانکە فیدراڵییەکان‌و ناتوانێت لەو ڕوانگەوە پشت بەهیچ هەژمارێکی بانکی لەهەرێم ببستێت، تەنها بانکە فیدراڵییە باوەڕپێکراوەکان نەبێت.

بەگوێرەی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بدرێت‌و بەشێوەی کارتی بانکیی بێت، بەڵام حکومەتی هەرێم سورە لەسەرئەوەی موچە لەڕێگەی (هەژماری من)ەوە بدرێت‌و تەیف سامی-ش ڕەتیدەکاتەوەو جەخت لەبەبانکیکردنی موچە لەڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکان دەکاتەوە وەک سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق.