لە سلێمانی دەست بە دابەشکردنی ئەو بەشەخۆراکیە کرا کە لە ١١ مادەی خۆراکی پێکدێت و چوار مادەیان تایبەت بە مانگی ڕەمەزان.
کامەران فەتاح بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانی دابەشکردنی خۆراک راگەیاند: ئەو ماددانەی زیادکراون بۆ بەشەخۆراکی هاووڵاتیان لەمانگی رەمەزاندا، بریتین لە نیشاستە و مەعکەرۆنی و ئاردی سپی و شەعریە، بەڵام هێشتا رێژەیەکی کەمی ئاردەکە گەیشتووەتە گەنجینەکان و دوای گەشتنی رێژەی پێویست ئەویش دابەشدەکەن.
وتیشی: زۆربەی مەڵبەندەکانی خۆراک شەکر و زەیتان پێگەیشتووە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی هەموو بابەتەکانی دیکە دابەشدەکرێن.
پێشتریش بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانی دابەشکردنی خۆراک رایگەیاند: بەشەخۆراکی مانگانە بریتییە لە مادەکانی ڕۆنی زەیت، دۆشاوی تەماتە، شەکر، لەتکە نۆک، نیسک، برنج و ئارد، کە جگە لەو حەوت مادەیە بڕیار دراوە بۆ مانگی رەمەزان چوار مادەی نوێ دابەش بکرێن کە بریتین لە ئاردی سفر ماکەرۆنی نیشاستە و شەعرییە، ئەو مادانەش لە تەواوی عیراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە دابەش دەکرین.