لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا یەكێك لە سەرمایەدارە دیارەكانی بەغدا بەناوی جیهاد قورەیشی پەیامێكی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و داوای بەهانەوەچوونی لێكردووە، بازرگانەكە ئاماژەی بەوەكردووە ماوەیەك لەمەوبەر مامەڵەیەكی بازرگانی لەگەڵ كەسێك بەناوی نزارعەبدولواحید ئەنجامداوە كە وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات برای شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێیە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
بازرگانەكە رایگەیاندووە مامەڵە بازرگانییەكەی بریتی بووە لەدابینكردنی ئامێری تایبەت بەتەلارسازی و ئەوان دوای تەواوكردنی كارەكە هیچ بڕە پارەیەكیان پێنەداوە كە نزیكەی بڕی پێنج ملیار دینارە، بازرگانەكە ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامەی خستۆتەڕوو كە رێككەوتنی نێوان ئەوە بووە ئەو بڕە پارەیە بخەنە سەر هەژمارێك لەبانكی رافیدەین لە بەرامبەر هوتێل شیراتۆن لەبەغدا، بەڵام دواتر دەركەوتووە هیچ بڕە پارەیەك لەو هەژمارەدا نییە و تەواوی ئەو چەكی پارانەی بەمدراوە، ساختەبوون.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا بازرگانەكە ئاماژەی بەوەكردووە دوای ئەوەی داوای بڕە پارەكەی لەنزار عەبدولواحید برای شاسوار عەبدولواحید كردووە و داوای یاسایی تۆماركردووە، چوار كەس كە دوانیان ژن بوون سەردانی كۆمپانیاكەیان كردووە و پێیان راگەیاندووە ئەگەر داوا یاساییەكەت نەكشێنیتەوە شتانێك روودەدەن كە لەبەرژەوەندی ئەمدا نییە، وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات لەدوای ئەوەی لەنوسینگەكەی ئەو چوار كەسەی دەركردووە، هێرشكراوەتە سەری، دوای هێرشەكە پەیوەندی بەنزار عەبدولواحیدەوە كردووە و پرسیاری ئەوەی لێكردووە كەئاخۆ ئەو بووە هێرشی كردۆتە سەری، نزار عەبدواحید بەنامە وەڵامی داوەتەوە و پێی راگەیاندووە ئەوەی لەدەرگامان بدات ئەوهای لێ بەسەر دێت، سەرمایەدارەكە دەڵێت لەدوای ئەو رووداوە چەندینجار هەڕەشەیان لێكردووە، داوایەكیشی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی كردووە، كە بەهانایەوە بچێت و ژیانی خۆی و منداڵاكانی و خێزانەكەی بپارێزت و هەروەها پارەكەشی بۆ بگەڕێنێتەوە