لە دواین بڵاوکراوەیدا رۆژانامەی الصباح ی عێراق تیش دەخاتەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، "تانەکەی دادگای فیدراڵی رێگە خۆشدەکات بۆ بەشداریکردنی حزبی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم".
حەسەن هادی زایر, ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەرۆژنامەکەی رایگەیاندوە: درێژکردنەوەی ماوەی کاری کۆمیسیۆن تا سەرەتای مانگی کانونی دووەمی داهاتوو لەلایەن پەرلەمانەوە, دەرفەتی رەخساندووە بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی هەرێم, بە هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمیسیۆن.
تانەکەی دادگای فیدراڵی لە بڕگەی دووەم لە سیستمی تۆمارکردن, رێگە خۆشدەکات بۆ بەشداریکردنی حزبی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم.
تەواوی ئامادەکاریەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن تەواوکراوەو, تەنها چاپکردنی کارتی هەڵبژاردن ماوە, لەکاتی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ.
لای خۆیەوە, وەفا محەمەد کەریم, بەرپرس لە پارتی دیمەکراتی کوردستان رایگەیاندووە:دواخستنی هەڵبژاردن بەمانای بەشداریکردنی پارتی نیە تیایدا بەبێ جێبەجێکردنی مەرج و داواکاریەکانی, ئەگەر جێبەجێبکرێن بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین.
دەشڵێت، دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی پارتی بوو, چونکە سەرقاڵی دیراسەکردنی ھەندێک لە داواکارییەکانێتی وەک گێڕانەوەی (٥)کورسی کۆتاکان, بەڵام کێشەکە لەوەدایە, حزبە سریانی و تورکمانی و ئاشوری و مەسیحیەکان, داوای (١١)کورسیەکەیان دەکەن.
باسی لەوەشکردوە، پێویستە ژووری پرۆسەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە هەولێربێت نەک لە بەغداد, لەبەر زۆر هۆکار لەوانە, خێرایی.
رۆژنامەکە ئەوەی ئاشکراکردوە، دیارترین داواکاریەکانی پارتی پێداچونەوەی پرسی کۆتاو بەشداری ئەو دەنگدەرانەیە کە پەنجە مۆریان دەرنەچووە, وێڕای پشتبەستن بە ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان هاوشانی ئەلەکترۆنی.