نێچیرڤان بارزانی: ئێران وەک دۆست و دراوسێ لەگەڵ ئێمە وەستاوەتەوە

  2020-07-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوان هاوکاری و پشیتوانییەکانی ئێران هەرگیز لەبیر ناکەن و تاران وەک دۆست و دراوسێیەک لەگەڵ ئێمە وەستاوەتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، بەلایانەوە گرنگە کە هاوسێیەتی نێوان عێراق و ئێران لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش بێت.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسیان لە پەتای کۆرۆنا و کاریگەریەکانی لەسەر دۆخی ئابوری و جموجوڵی بازرگانی لە سنورەکان لەگەڵ ئێران.

هاوکات سوپای باڵێۆزی ئێران لە بەغدا و کونسوڵی ئێران لە هەولێری کرد، کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە پتەوکردنی پەوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا.

لە بەرامبەرشدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران جگە لەوەی سوپاسی پێشوازی لێپرسراوانی هەرێمی کوردستان کرد لەسەردانەی بۆ هەولێرو ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان بایەخێکی زۆری هەیە و گرنگە بەلایانەوە دۆستایەتی باشیان هەبێت لەگەڵ ئێراندا.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندیی زۆر نزیک و کلتورییان هەیە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان,

خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە پەتای کۆرۆناش نەبووەتە هۆی ڕێگری لە پەیوەندی و جموجوڵە بازرگانییەکان و هەمیشە دەروازەکانی ئێران کراوە بووە بەڕووی هەرێمی کوردستاندا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا زەریف ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئامادەن پسپۆڕ و شارەزایانی خۆیان پێشکەشی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.

ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی ئەو وڵاتە، سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبۆوە و بڕیاریشە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش چاویان بە یەکتر بکەوێت.



ڕیکلام