سەرۆکی یەکێتیی پێشوازیی لە وەفدێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد

  2024-07-29  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواو رایگەیگەیاند، " پێکهاتەی نوێی ئەنجوومەنەکە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵک دەکات و رەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەکەیەتی".

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، لەدیدارێکدا هەماهەنگیی نێوان سەرجەم لایەنەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوەکرا، جەخت لە هاریکاریی زیاتر و کاری هاوبەشی هەموولایەک کرایەوە لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر و دوورکەوتنەوە لەهەموو دەمارگیرییەک کە زیان بە دۆخی پارێزگاکە بگەیەنێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەکەدا وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردنی رێگە یاسایی و دروستەکە بۆ گۆڕانکارییە ئیدارییەکان، راشیگەیاند، پاراستنی مافی لایەنە براوەکان لە پارێزگاکە هەنگاوێکی گرنگبوو بە ئاڕاستەی پارێزگاریکردن لەو فرەڕەنگییەی لە نەینەوا هەیە و ئەمەش زیاتر خزمەتی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. وتیشی، یەکێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکات کە ئامانجەکەی خزمەتکردنی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بێت.

لەدرێژەی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوەشکردوە، پێکهاتەی نوێی ئەنجوومەنەکە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵک دەکات و رەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەکەیەتی، ئەو لێکتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان لایەنەکانیش کە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە دروستبووە مایەی خۆشحاڵییە و پشتیوانیی لێدەکەین.