چارەنووسی مووچە نادیارە و پەرلەمانتارانی کورد هۆشداری دەدەن

  2024-09-20  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نزیک دەبینەوە لە مانگی ١٠ بەڵام هێشتا چارەنوسی مووچەی مانگی هەشت و نۆ دیار نیە و پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، "دەبێت حکومەتی هەرێم مووچە خۆران یەکلا بکاتەوە کە مووچەی مانگی حەوت چۆن دابەشدەکات".

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، " مووچەی مانگی تەمموز (٧) ، ٦٠٠ ملیار دیناری لێبڕدراوە و موچەی مانگی ئاب (٨)ی پێدابەشکراوە، بەڵام مووچەی سەربازیی مانگەکانی ٧ و ٨ نەهاتووە".

ئاماژەی بەوەشداوە، "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوگرفتانەی لە مووچەی مانگەکانی پێشوو تا مانگی ٧ هەبوون، چارەسەریان بکات، کە ماوەیەک درابوو بە حکومەتی هەرێم بۆ لابردنی ناوە دووبارەکان و تۆمارکردنی بایۆمەتری و ژمارەی پلەی وەزیفی موچەخۆران، کە لە لیستەکاندا نەبوون، تا کێشەی لیستە سەربازیەکانی ٧ و ٨ چارەسەر بکرێت، پاشان لیستی موچەی مانگی ٩ بنێردرێت بۆ بەغدا، کە بەهۆی جێبەجێ نەکردیانەوە ٦٠٠ ملیار دیناری مانگانەی لێ بڕدراوە".

لەلایەکی دیکەوە،  غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی داوایەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت، "مووچەی مانگی ٧ و ٨ لە بەغدا تەواو بووە و ئامادەکاری دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩ دەکرێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە بۆ موچە خۆران ڕوونبکاتەوە کە موچەی مانگی ٧ی چۆن دابەشکردووە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، "تا پێش کۆتایی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی تەوتین یەکلانەکاتەوە، کە لایەنە شیعی و سونیەکان لە پەرلەمان و ئیدارەی دەوڵەت چاوەڕێی دەکەن، ئەوا مووچەی مووچەخۆران دەچێتە قۆناغێکی ئاڵۆزە، کە بڕیارە لە کۆبوونەوە هەفتەی داھاتوو، کۆتا کۆبوونەوەی حکومەتی ناوەند و هەرێم بێت لە سەر ئەم بابەتە".

هاوکات چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوەکردوە، "ئەگەر ئەو تێبینیانەی کە شاندەکەی حکومەتی عێراق لە هەولێر بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان داوە، جێبەجێ بکرێن، ئەوا لە هەفتەی ئایندە، پێدەچێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ هەرێم".