بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مزگەوتی گەورەی سلێمانی كرد

  2024-10-09  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە یاوەریی د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، سەردانی مزگەوتی گەورەی سلێمانیی كرد دوای ئەوەی لەسەر شێوازە دێرینەكەی نۆژەنكرایەوە.

لە سەردانەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە كۆبووەوە و ئاماژەی بە گەورەیی و پیرۆزیی مزگەوتی گەورەی سلێمانی كرد لە مێژووی شارەكە و رایگەیاند، مزگەوتی گەورە لە سەرەتای دروستبوونی سلێمانییەوە تاوەكو ئێستا ناوەندێكی گرنگ و پیرۆزی موسڵمانان بووە، ئەو كەسایەتییە پایەبەرزە ئاینییانەی لەم مزگەوتە خزمەتیان كردووە، نموونەی خواناسی و چاكەكاری بوون و رۆڵێكی مێژووییان لە بڵاوكردنەوەی بیری ئاشتی و پێكەوەژیاندا هەبووە و خەڵكیان بەرەو خێر و خۆشەویستی ئاڕاستەكردووە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد، نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكە هەوڵێكی سەرەتایی ئێمەیە بۆ خزمەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و موسڵمانان، خزمەتێكی بچووكە بۆ خەڵكی شارەكەمان و هەموو ئەوانەی سەردانی مزگەوتەكە دەكەن و دڵ و دەروونیان لەگەڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلام پاكدەكەنەوە