وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پرسی سەرژمێریکرد لە ناوچەدابڕێندراوەکان دەڵێت، " داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین کە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەژین بڕۆن لە شوێنی خۆیان بەشداری سەرژمێری بکەن'.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و وتەبیژی فەرمی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرژمێری گشتی پرسێکی نیشتمانییە نەک حزبی، داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین کە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەژین بڕۆن لە شوێنی خۆیان بەشداری سەرژمێری بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا: پێویستە حکومەتی هەرێم بۆ هاوکاری و کارئاسانی بۆ گواستنەوەی خەڵک دەستی کراوە بێت، پاشەرۆژی ناوچە کێشە لەسەرەکان رادەستی قەدەر مەکەن و بەشداربن لە سەرژمێری، هەموو حزبەکان بەرپرسیارن لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە سەرژمێری
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وتەبێژی یەکێتی وتیشی: سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، رێخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق، هاتنی سەرۆک وەزیران بۆ هەرێم گرنگە، دەبێت حکومەت پێکبێت، حکومەت بێ یەکێتی و پارتی پێکنایەت.