ستران عەبدوڵا: دانوستانی ئەمجارەی یەكێتی تەنها لەسەر پۆست نابێت بەڵكو لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی دەبێت

  2024-11-24  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی زانیاری نوێ لەسەر ئامادەکارییەکانی حزبەکەی دەخاتەڕوو بۆ دانوستانی بەشداریکردنی لە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "دانوستانی ئەمجارەی یەکێتی تەنها لەسەر پۆست نابێت بەڵکو لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی دەبێت".

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: دانوستانی ئەمجارەی یەکێتی، دانوستان نابێت تەنها لەسەر پێکهێنانی حکومەت و وەزیرەکان و کێ دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، بەڵکو لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی دەبێت لە کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا: ئەو تەنگژانەی لە کوردستان هەیە دەیسەلمێنێت کە دەبێت گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەبێت زۆر وردو لەسەرخۆبێت و یەکێتی ئەم بابەتەی بەجدی وەرگرتووە.

باسی لەوەشکرد: یەکێتی دەیەوێت حکومەتێک دروست بکات بابەتی موچە یەکلابکاتەوە کە هەموو مانگێک کێشەکانی سەرهەڵدەدەنەوە، خەڵکی کوردستان هەقی خۆیەتی ئەم کێشەیەی بە یەکجاری بۆ چارەسەر بکرێت.

وتیشی: پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی کوردستان هەر ئیستحقاقی وەزارەت نییە بەڵکو خاڵی گرنگ بۆ یەکێتی ئەوەیە شکڵ و شێوەی حکومەتی داهاتوو چۆن دەبێت، یەکێک لە خاڵەکانی دانوستانی یەکێتی داواکردنی پۆستێکی جێبەجێکردن دەبێت.

لە کۆتایدا ستران عەبدوڵا هێمای بۆ ئەوکرد کە، پێویستە ئەو زهنیەتە کۆتایی پێبێنین کە ئەو پۆستە بۆ فڵان کەس یەکلابووەتەوەو وەرن قسە لەسەر بەرماوە بکەن، یەکێتی جارێکی تر ئەو فەرهەنگەو ئەو روانگەیە لە سیاسەتی کوردستان قبوڵناکات.