بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە هەمیشە پاڵپشتی ژنان و هەوڵە بێوچانەکانیان بووە

  2024-11-25  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە هەمیشە پاڵپشتی ژنان و هەوڵە بێوچانەکانیان بووە لەپێناو بەگژداچوونەوەی توندوتیژی".

دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، پابەندیی خۆمان بە پشتگیریکردن، پاراستنی مافەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی ژنان دووپات دەکەینەوە. جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و تەندروستتر دەکەینەوە تاوەکو ژنانی کوردستان بەشداریی زیاتر و چالاکانەتریان هەبێت لە ناوەندەکانی بەڕێوەبردن و رۆڵی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی وڵات و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتردا بگێڕن.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە هەمیشە پاڵپشتی ژنان و هەوڵە بێوچانەکانیان بووە لەپێناو بەگژداچوونەوەی توندوتیژی، هێنانەکایەی دادپەروەری و کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر. باوەڕی تەواوی بە رۆڵ و تواناکانی ژنان هەبووە و بەشێکی کاریگەربوون لە ئۆرگانەکانی حزبدا. بێگومان لە داهاتووشدا بە هەمان بڕوا و رۆحییەتەوە کاردەکەین و ژنان هاوکار و هاوشانمان دەبن بۆ هەنگاونان بەرەو کوردستانێکی ئاوەدانتر و خۆشگوزەرانتر.

ئەوەی لەم رۆژەدا پێویستە جەختی لێبکەینەوە، باوەڕی نەگۆڕمانە سەبارەت بە بەگژداچوونەوە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەهەرشێوەیەک دەبنە مایەی هەراسانکردنی ژنان و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان. لە هەر شوێنێک پێشێلکاری هەبێت، رووبەڕووی دەبینەوە و هەر کەسێک لە ھەر پلە و پۆستێکدا بێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر. چونکە پێمانوایە هیچ دادپەروەری و یەکسانییەک لە کۆمەڵگەدا نایەتەدی، ئەگەر ژنان لە ئاشتی و سەقامگیریدا نەبن و هەڕەشە لەسەر ماف و خواستەکانیان بێت.

شاد و سەرفرازبن