سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵیادی شەهید بوونی فەرماندە ئاکام عومەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت،"ئەوەی شەهید ئاکام بە خاکی کوردستانی بەخشی کەم نەبوو".
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەکی قووڵ و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدبوونی برام فەرماندە ئاکام عومەر دەکەینەوە، یادی سیمبوولێکی ئازایەتی و جوامێرێکی رێگەی ئازادی و دادپەروەری دەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئەوەی شەهید ئاکام بە خاکی کوردستانی بەخشی کەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێکی کەم و ئازایەتییەکی بێوێنەوە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە دژی یەکێک لە دڕندەترین هێزەکانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاکی کوردستان و خەڵکەکەی دەکرد، ئەو کوردستانی لە دڵیدا هەڵگرتبوو و هەموو ئەوەی دەیویست سەرفرازی و سەقامگیریی بوو بۆ خاکەکەی، دواجار هەر لەو پێناوەشدا چووە ریزی شەهیدان و کاروانی نەمرانەوە.
سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت: دوای شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر بەڵێنماندا هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بوو، بەهێزتر و گەورەتر بکەین. بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند و ئێستا ئەو هێزە لەھەمووکاتێک بەهێزتر و پتەوترە. لەهەمووکات زیاتر ئامادەی بەگژداچوونەوەی دوژمنانی کوردستان و یاساشکێنانە، هەموو پێشمەرگەکانی بە رۆحێکی یەکێتییانە و ئازایەتییەک کە لە شەهید ئاکامەوە فێریبوون، زیاتر ئامادەی بەخشینی خوێنی خۆیانن لەپێناو خاکی کوردستاندا.
دروود بۆ رۆحی شەهید ئاکام و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.. سەربەرزی بۆ کەسوکارە خۆڕاگرەکانیان