بەرنامەی سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئێران ئاشكرا كرا

  2020-07-20  | 
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی سەرۆكایەتی ئێران بڵاویكردەوە، سبەینێ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەگاتە تاران و لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە .

عەلی ڕەزا موعەزی یاریدەدەری كاروباری پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە نوسینگەی سەرۆكایەتی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، سبەینێ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق  و شاندی هاوڕێی دەگەنە تاران .

ئەو لێپرسراوە ئاشكرایكرد، كازمی لە فڕۆكەخانەی میهرئاباد لە تاران لە لایەن عەلی ڕەزا ئاردكانیان وەزیری وزەی ئێرانەوە پێشوازی دەكرێت .

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای دیداری كازمی و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، شاندی باڵای هەردوو وڵات دەست بە وتوێژەكانیان دەكەن .

ئاشكرایكردووە، سەردانەكەی كازمی بۆ ئێران دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لەگەڵ عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران كۆدەبێتەوە و دواتریش لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆدەبێتەوە .

لەسەردانەیدا كازمی وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و نەوت و كارەبا و دارایی و تەندروستی و ڕاوێژكاری ئاسایشیی نیشتیمانی عێراق هاوڕێیەتی دەكەن .

ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمرۆ بڕیار بوو سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سعودیە بكات، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی شا سەلمان پادشای سعودیەوە سەردانەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، چونكە بڕیار بوو دوای سەردانەكەی بۆ سعودیە، سەردانی تاران بكات .



ڕیکلام