سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئێزدییەکان دەکات

  2024-12-20  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی (جەژنا رۆژیێن ئێزی) پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت، "لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: بەبۆنەی (جەژنا رۆژیێن ئێزی) لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەخۆشی بەڕێبکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە: خوشک و برایانی ئێزدی لە چەند ساڵی رابردوو بەدۆخێکی سەختدا تێپەڕین، وە ئێمە بەردەوام لەگەڵیاندابووین، بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان، بۆیە لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە، لەپابەندیمان بە پاراستنی ماف و کەلتووری رەسەنی ئاینی ئێزدییەکان و هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ بەهێزکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان.

لە پەیامەکەیدا هێمای بۆ ئەوەکردوە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیری و جێبەجێکردنی داواکاری خوشک و برایانی ئێزدی، هیوادارین هەموولایەنەکانیش بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخی شەنگالدا مامەڵەبکەن و کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

لە کۆتایدا دەڵێت: یەکێتی وەک هەمیشە لەگەڵتان دەبێت بۆ ھێنانەدی خواستەکانتان و سارێژبوونی ئەو نەهامەتیانەی بەسەرتاندا هات، هەر لەخۆشیدابن.