بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە

  2024-12-21  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە شاری بەغداد سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ محەمەد ئەلحسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەماڵی مام لە بەغدا پێشوازی لە محەمەد ئەلحسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

ئاماژە بەوەشدراوە: لەکۆبوونەوەیەکدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو هێنانەدی ئامانجە باڵاکان بەرزنرخاند و رایگەیاند، یەکێتی بە بایەخەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوە دەڕوانێت و بەدڵنیاییەوە هاوکار و پشتیوان دەبێت لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.

دەشڵێت: دۆخی گشتیی عێراق و پێشهاتەکانی سووریا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوون و هەردوولا جەختیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کردەوە. داواشیانکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و رێگریی لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بکەن بەتایبەت پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە ململانێکان.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و مووچە و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان تاوتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، جەخت لە هەڵوێستەکانی رابردوومان دەکەینەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار و دادپەروەر، حکومەتێک دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات و هەوڵەکانی لەپێناو گەشەسەندنی کوردستان و داهاتوویەکی سەقامگیرتردا بێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەبارەی پرسی مووچەشەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد هاوشانی لایەنە سیاسییەکان، هاوکار و پشتیوانبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی، پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەکارنەهێنانی شایستەداراییەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا.