سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بە غازفرۆشەکان دەدات کە قۆرخکاری نەکەن و هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کێشەی کەمی غازی ماڵان لەسلێمانی بونی نیە.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: دوای بەدەست گەیشتنی چەند سکاڵایەکی هاوڵاتیان لەسەر پێنەدانی غاز لەلایەن غازفرۆشەکان (وەکلیلەکان)ـەوە، لیژنەکان بەدواداچونیان کردوە دەرکەوتوە سەرباری هەبونی غاز وەکیلەکان غازی ماڵانیان بۆ هاوڵاتیان دابین نەکردوە.
سەرۆکی لیژنەکان هۆشداری بە غاز فرۆشەکان دەدات؛ هەرکاتێک هاوڵاتیان داوای غازی ماڵانیان کرد دەسبەجێ بۆیان دابین بکەن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی سزای توند دەکرێنەوە.
قائیمقامیەتی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە، لە شاری سلێمانی کێشەی کەمی غازی ماڵان بونی نییە و لەو غازفرۆشانەی قۆرخکاری یان نرخ بەرزبکاتەوە ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی روبەڕوی رێکاری یاساییان بکەنەوە.
لە کۆتایدا راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (٠٧٧٠٨٦٧٧٧٧٧)ـەوە بکەن.