مەکتەبی سیاسی یەکێتیی: لە ٢٠٢٥ کۆشش بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و گێرانەوەی هاوسەنگی هێز دەکەین

  2024-12-31  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هیوامان وایە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی گەشەی زیاتری پرۆسەی دیموکراتی وڵاتەکەمان و ساڵی دابینکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکانی تری کورد بێت".

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: ساڵی نوێ لە گەلەکەمان، لە کۆمەڵانی خەڵکی عێراق و جیهان پیرۆز بێت، ساڵی ئاشتی و ئاوەدانی ، ماف و دادپەروەری و چارەسەری رەوای مەسەلەی  کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لەسەروبەندی گۆڕانکاری  ناوچەکە ، بە دیالۆگی سیاسیی و ئاشتی  و دیموکراتی.

ئاماژەی بەوەشداوە: بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵی بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانی باشتر و تێپەڕاندنی دژواری و قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت بە تایبەتی ئیستحقاقی مووچە بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دوور لە تێکەڵکردنی بە دۆسێ سیاسییەکان. 

لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە: هەر بەو بۆنەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و گێرانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ ئەزموونەکەمان، هەر وەک بەڵێنی بە خەڵکەکەمان دابوو، دووپات دەکاتەوەو لە هەموو وێستگەکانی  ساڵی ٢٠٢٥ یشدا کۆششی ڕەوای بۆ دەکات، بەرەو حوکمڕانی و حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس و پرۆسەیەکی سیاسیی کاراو دیموکرات و دەربەست.

لەکۆتایدا دەڵێت: هیوامان وایە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی گەشەی زیاتری پرۆسەی دیموکراتی وڵاتەکەمان و ساڵی دابینکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکانی تری کورد بێت.