حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکات لە کەرکوک ناوچەکانی دیکەی مادەی 140، بە گومانی ئەوەی حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تاک لایەنە نەوت و گازی ئەو ناوچانە ببات
حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: بەپێی مادەی ١٤٠ دەستوری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی ٢٠٠٥، دەبێت پرۆسەی ریفڕاندۆم لە کەرکوک وناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت، وحکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٧ ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە: چ پێش ئەم رێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی رابردوو، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە، ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات وبە شێوەیەکی تاک لایانە، نەوت وگازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، ولە چوارچێوەی مادەی ١٤٠، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.
باسی لەوەشکردوە: بەپێی هەردوو مادەی ١١٠ و ١١٥ ی دەستوری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، مافی رەھا و تاک لایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت وگازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات، هەروەها مادەی ١١٢، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت وگازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکوک و لە ناوچەکانی دەوروبەی ھەن.
دەشڵێت: هەروەها بەغدا پابەند کراوە لە گەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) رێکبکەوەێت، حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێکەوتنانە بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بەبەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوەش هاتووە: ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت وگاز واژوو بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بەگشتی وبەتایبەت هەردوو مادەی ١٤٠ و ١١٢، لەبەرچاوبگرێت.
لە کۆتایدا هێمای بۆ ئەوەکردوەکە، حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووری خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ ، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافەدەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک.